کۆستینا ئێڤگینیا: بەهۆی هاوژینەکەمەوە جلوبەرگی کوردی دیزاین دەکەم
رووداو دیجیتاڵ
کۆستینا ئێڤگینیا، دیزاینەری رووسی ماوەی 20 ساڵە وەک دیزاینەرێکی جلوبەرگ کاردەکات، بەم دواییە لە دووەمین نمایشی جلوبەرگی هەولێر بەشداربوو کە چالاکییەکانی لە هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا کۆمەڵە دیزاینی خۆی تایبەت بە جلوبەرگی کوردی ژنان خستەڕوو کە ژمارەیان شەش دیزاین بوو.
کۆستینا ئێڤگینیا، دیزاینەری رووسی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشداربوون بۆ من لەو چالاکییەدا شتێکی نوێ بوو، چونکە 20 ساڵە لە رووسیا ساڵە کاری دیزایین دەکەم و لە هەفتە نمایشەکاندا بەشدار دەبم، هەروەها لە کاتی خوێندنی زانکۆ بەشداریم لەو چالاکیانە کردووە، بەڵام بەشداریکردنم لە نمایشی جلوبەرگ لە هەولێر، شتێکی نوێ بوو و گرنگییەکی زیاترم بەم بوارە دا".
ئاماژەی ی بۆ ئەوەشکرد، یەکەمجار بوو دەرفەتێکی لەم جۆرە لە کوردستان بۆ بڕەخسێت و لە نمایشێکی جلوبەرگدا بەشداربێت و تواناکانی لە بواری دیزاینی جلوبەرگدا دەربخات.
هاوژینی کۆستینا کوردە و خەڵکی باشووری کوردستانە و بە ژینا بانگی دەکات و ماوەی دوو ساڵە پێکەوە لە هەولێر دەژین و پاڵپشتی کارە هونەرییەکانی دەکات.
کۆستینا ئێڤگینی گوتی: "بێگومان ئەگەر هاوژینەکەم کورد نەبوایە من نەدهاتم بۆ کوردستان و ئەو شتەشم نەدەکرد، ئەو هۆکاری هاتنی من بوو بۆ کوردستان، هەروەها هۆکاری ئەوە بووە کە من دیزاین بۆ جلوبەرگی کوردی بکەم.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە داهاتوودا وەک دیزاینەرێکی جلوبەرگی کوردی پەرە بە دیزاینی جلوبەرگی کوردی دەدات و براندی تایبەت بە خۆی بۆ جلوبەرگی کوردی دەبێت.
دووەمین نمایشی جلوبەرگی هەولێر بە بەشداری 25 نمایشکاری جلوبەرگ لە کوردستان و دەرەوە لە 21ـی ئایاری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و 25 کەس وەک خۆبەخش تێیدا بەشداربوون.