دیزاینێکی نالی بارزانی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵی کان خرایەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
فەرحانە بۆدی، مۆدێل و ئەکتەری هیندیی دانیشتووی دوبەی، لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوو و بەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵدا تێپەڕی و جلێکی لە دیزاینی دیزاینەرێکی کورد پۆشیبوو.
ئەو ئەستێرە جلێکی رەشی سەرنجڕاکێشی پۆشیبوو، جلەکە لە دیزاینی نالی بارزانی، دیزاینەری کورد بوو و هەر خۆیشی لەگەڵ ئەو ئەستێرەیە بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی.
ئەو دیزاینەرە کوردە فاشنی لە تورکیا خوێندەوە و خاوەنی براندی خۆیەتی بە ناوی نالی بارزانی و لە 76مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان ئامادەبوو.
نالی بارزانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەم دواییە خوێندنی لە بواری فاشن لە تورکیا تەواوکردووە و خاوەنی دوو براندە، یەکێک لەوانە هەر بەناوی خۆیەتی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لە فەرحانە بۆدی، پێشتر جلێکی بۆ هەیفا وەهبی، هونەرمەندی لوبنانی دیزاینکردووە و لە یەکێک لە ڤیدیۆکلیپەکانی بەکاری هێناوە.
گوتیشی: "شتێکی زۆر خۆشبوو، کاتێک فەرحانە بۆدی بەسەر فەرشی سووردا تێپەڕی، هەمووان باسی ئەو جلەیان دەکرد و دەیانپرسی کێ دیزاینیکردووە، منیش دەستم بەرزدەکردەوە و دەمگوت من".
روونیشیکردەوە، ئەو حەزی لە دیزاینکردنی دیزاینی نامۆیە و لەو دیزاینەدا گوریسی بەکارهێناوە و دیزاینکردنی دوو هەفتەی خایندووە.
نالی بارزانی بەنیازە لە ئەیلوولی داهاتوودا کۆمەڵە دیزاینی خۆی بڵاوبکاتەوە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات هەفتە نمایشێکی جلوبەرگ لە هەولێر سازبکات.