14مین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

لە وڵاتانی ئەوروپا چەندین فێستیڤاڵی تایبەت بە فیلمە کوردییەکان سازدەکرێن، لەوانە فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە هامبۆرگی ئەڵمانیا کە ئەمساڵ 14مین خولی بەڕێوەدەچێت، تێیدا 19 بەشدارن.
 
فێستیڤاڵەکە کاژێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەرممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023 لە شاری هامبۆرگ دەستپێدەکات و تاوەکو 26 مانگ بەردەوام دەبێت، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لە کۆی 125 فیلم کە لە چوار پارچەی کورستانەوە بۆ فێستیڤاڵەکە نێردرابوون، تەنیا 19 فیلمیان بۆ خولی ئەمساڵ هەڵبژێردراون، ئەویش شەش بەڵگەفیلم، چوار فیلمی درێژ و نۆ کورتەفیلمن.
 
درووشمی خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکە 'وڵاتی نوێ'یە و بڕیارە دەستپێکی فێستیڤاڵ بە بڕگەی میوزیک و گۆرانی دەستپێبکات، دواتریش فیلمی 'گاڤا شتل مەزن دبن' لە دەرهێنانی رێگر ئازاد، دەرهێنەری رۆژئاوای کوردستان و کورتەفیلمی 'دارتاش' لە دەرهێنانی خەلیل سەحراگەر، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان پێشاندەدرێن.
 
هەر لە فێستیڤاڵەکەدا دوو پانێل بۆ کاوە نەمر، نووسەر و وەرگێڕ لە باکووری کوردستان و لوقمان ئەحمەد، شێوەکار لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچن. 
 
لە فێستیڤاڵەکەدا رۆژانە فیلم پێشاندەدرێن و سێ خەڵات بە فیلمە سەرکەوتووەکان دەبەخشرێت، ئەویش خەڵاتی لیژنەی دادوەری، خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلم و باشترین کورتەفیلمە.