سەنا بەرزنجە: خاکی ژێرپێی باوکم دەکەم بە کل و دەیخەمە سەر چاوم
رووداو دیجیتاڵ
سەنا بەرزنجە، هونەرمەندی کوردی لە دایکبووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نێو هۆگرانیدا بە سانا بەرزنجی دەناسرێت، یەکەم دەرکەوتنی لە میدیای بینراو لە تۆڕی میدیایی رووداو بوو و بانوو دڵشاد لەبارەی چەند مژارێک گفتوگۆی لەگەڵدا کردووە.
سەنا بەرزنجە کە بۆ سازکردنی کۆنسێرتێک سەردانی هەولێری کردبوو، لەبارەی یەکەم دەرکەوتنی لە میدیای بینراو کە تۆڕی میدیایی رووداوی هەڵبژارد، گوتی "کەناڵی رووداو بۆ هەموومان جێگەی رێز و شانازییە، چونکە بۆ هونەرەکەم سەختی زۆرم کێشاوە و هیچ کاتیش فۆکەسم لەسەر ئەوە نەبووە هەوڵبدەم ناوبانگیم بۆ شتێکی دیکە بەکاربێنم، کارم ئەوە بوو خزمەت بە هونەر بکەم، باسی رووداو جیاوازە، ئەوەی لە رووداو دەربکەوێت بۆ من جێگەی شانازییە".
لەبارەی کۆنسێرتەکەی هەولێری، ئاماژەی بۆ ئەوەی کرد، لە دوای ئەوەی یەکەم کۆنسێرتی لە سلێمانی سازکرد، بەنیازبوو کۆنسێرت لە هەولێر و دهۆکیش سازبکات، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە هۆکاری ئەوەی کۆنسێرتەکانی بەردەوام نەبێت. گوتیشی، کوردستان بۆ ئەو جیاوازی نییە و حەز دەکات لە هەموو شار و شارۆچکەیەک گۆرانی بڵێت.
سەنا بەرزنجە، شەیدای بوێری و ستایلی گۆرانیی هونەرمەند قادر دیلانە، لەمبارەیەوە گوتی، قادر دیلان بۆ ئەو وەک سیمبولێک وایە، کەسێک بوو بوێری ئەوەی هەبوو ستایلێکی نوێ بێنێتە نێو میوزیکی کوردی و هەرکاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی دەگرێت، بوێری ئەوەی پێبدات ستایلێکی نوێی لە گۆرانیدا هەبێت و شۆڕشێکی نوێ لە میوزیکی کوردیدا بکات.
روونیشیکردەوە، بە شانازییە گۆرانییەکانی هونەرمەندان قادر دیلان، عەباسی کەمەندی و ناسر رەزازی دەڵێتەوە.
ئەو هونەرمەندە گەنجە، سەرەتا گۆرانییەکانی تەنیا بە دەنگ بڵاودەکرەوە، لە دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپ، رووخساری دەرنەخست و سەنا دەڵێ بەهۆی ئەو بڕیارەوە، ژیانیی هونەریی بوو بە دوو بەش، یەکەمیان بەر لە دەرکەوتنی، ئەوەی دیکەیان دوای دەرکەوتنی.
گوتیشی، خۆ دەرنەخستنی بە پلان و بۆ زیاتر خۆ ناساندن نەبووە، هەر لە سەرەتاوە بڕوای نەکردووە ببێت بە گۆرانیبێژ، چونکە فۆکەسی لەسەر خوێندن بووە و دایک و باوکی مامۆستان و براکەی پزیشکە و ویستوویەتی وەک براکەی ببێت بە پزیشک.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەر لەوەی خۆی وەک هونەرمەندێک ئاشکرا بکات، لە هەندێ شوێن باسی ئەوەیان بۆ خۆی کردووە و نەیانزانیوە کە ئەو سەنا بەرزنجەیە، ئەویش وا باسی کردووە، وەک ئەوەی خۆی نەبێت، بەڵکو یەکێک لە هەودارانی بێت.
سەنا، پاڵپشتی باوک و برای بەرز دەنرخێنێت و بە دوو فریشتەکەی ژیانی دەیاناسێنێت و دەڵێت، هەریەکەیان لەسەر شانێکی ئەودان و پشتگیری زۆر و شەڕێکی زۆریان بۆ ئەو کردووە، بۆ ئەوەی ئەو بەو جێگەیە بگەیێنن. گوتیشی "خاکی ژێر پێی باوکم هەڵدەگرم وەک کل دەیخەمە سەرچاوم".
کۆنسێرتەکەی ئەو هونەرمەندە لە هەولێر، شەوی چوارشەممە 21-9-2022 بەڕێوەچوو و پێشکێش بە رۆحی ژینا ئەمینیی کرد و گوتی، ژینا ئەمینی هاوشاری و هاوپۆلی ئەو بووە لە قوتابخانە و هیچ کاتیک بڕوای نەکردووە، بەو رووداو هەواڵی هاوڕێیەکەی ببیستێتەوە.
روونیشیکردەوە "هەموومان ژینایەکین لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەبێت لە پشتی یەکدی بین، نەوەک بەرامبەر یەکدی، نەوەک کوردستانی رۆژهەڵات، بەڵکو باکوور، باشوور و رۆژئاوا هەموومان یەکین". گوتیشی "هیوادارم رۆژێک بێت هەموومان پێکەوە یەک دەنگ بین، نەوەک چوار دەنگ".
سەنا بەرزنجە، ئەوەشی ئاشکرا کرد، بڕیارە مانگێکی دیکە ئەلبوومێکی نوێ بڵاوبکاتەوە و دەڵێت، ئەولبوومێکی جیاواز دەبێت و هەموو هێز و توانای لە 100٪ سەنای تێدایە.