نور ئەلوەزیر: دەپاڕامەوە فێری كوردیم بكەن

رووداو - هەولێر
 
روخسارێكی گەنجی نێو درامای سوورییە. یەكەم دەركەوتنی، ساڵی 2008 لە درامای عەنتەرە بوو، تاوەكو ئێستا بەشداری لە 30 درامای سووریدا كردووە، لەوانەش درامای (ابواب الریح)، (ڤروف غامچە) و "خربە". هەروەها لە درامایەكی عێراقیشدا رۆڵی سەرەكیی بینیوە. نور ئەلوەزیر لە شاری سوەیدا لەدایك بووە و لە دیمەشقی پایتەختی سووریا نیشتەجێیە. دەرچووی پەیمانگەی باڵای هونەری شانۆیە. (رووداو) لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.

رووداو: تۆ لەدایكبووی پارێزگای سوەیدا-یت و لە دیمەشق نیشتەجێی، كاروانی هونەریت چۆن لەگەڵ درامای سووری دەستیپێكرد؟ 

نور ئەلوەزیر: من لە خێزانێكدا گەورەبووم كە خولیای هونەر و ئەدەبن. باوكم نووسەری شانۆیە و خوشكم لە بواری ماكییر لە دراما سوورییەكاندا كاردەكات. بۆیە چوونم بۆ نێو هونەر بە رێكەوت نەبوو. یەكەم نزیكبوونەوەی راستەقینەم لە كاری هونەریدا لەگەڵ نەجدەت ئەنزوور دەرهێنەری بەناوبانگ بوو كاتێك لە پشتی كامێرا كارمان دەكرد و پێشنیازی ئەوەی كرد رۆڵێكم بداتێ لە یەكێك لە دراماكانیدا. ئامۆژگاریی كردم پەیوەندی بە پەیمانگایەكی تایبەت بكەم بۆ مەشق و راهێنان لەسەر كاری نواندن و لەوێشەوە كاری پرۆفیشناڵیم دەستپێكرد لە بواری درامای سووری.

رووداو: یەكەم كاری هونەریت چی بوو، بەشداریت لە چەند درامادا كردووە؟ 

نور ئەلوەزیر: یەكەم كاری هونەریم درامای عەنتەرە بوو لە دەرهێنانی رامی حنە كە هونەرمەند سەللوم حەداد رۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینی. تاوەكو ئێستاش بەشداریم لە 30 كاری هونەریدا كردووە كە گرنگترینیان "ابواب الریح" بوو لەگەڵ دەرهێنەر موسەننا ئەلسوبح. 

رووداو: بەشداریت لە درامایەكی عێراقیدا كرد كە لە دیمەشق وێنە گیرابوو، ئەوە چۆن روویدا؟ 

نور ئەلوەزیر: دراماكە بە ناونیشانی "زاكیرەت ئەلتوراب" بوو، سەرجەم هونەرمەندە بەشداربووەكان عێراقی بوون و دەرهێنەرەكەش فادی سەلیم بوو كە سووری بوو. سەرجەم كارەكان لە دیمەشق بەڕێوەچوون و منیش تێیدا بەشدار بووم و دیالۆگەكان بەشێوەزاری عێراقی بوون. دراماكە كۆمەڵایەتی بوو. 

رووداو: بۆچی گەشتی دەرەوەی دیمەشقت نەكردووە. بەشداریت لە درامای دیكەی عەرەبیش نەكردووە، پێت چۆنە بەشداری لە كارێكی هونەریی هاوبەش بكەیت؟ 

نور ئەلوەزیر: كاری هاوبەشی عەرەبی بایەخێكی میدیایی زۆر تایبەتی پێدەدرێ. هەروەها پاڵپشتی دارایی زۆری دەكرێ‌. هەموو هونەرمەندێك خەون بە بەشداری لەو جۆرە پرۆژانە دەبینێ. هێشتا پێشنیازی لەم جۆرەم بۆ نەهاتووە، پێموایە هونەرمەندی سووری توانایەكی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی بەشدار بن لەم كارە هاوبەشە عەرەبییانەدا، بەڵام زەحمەتە هونەرمەندەكانی دیكەی عەرەب بتوانن شێوەزاری سووری بەكاربهێنن.

رووداو: قەیرانی سووریا كاریگەری لەسەر درامای سووری هەبووە؟ 

نور ئەلوەزیر: بێگومان. قەیرانی سووریا كاریگەرییەكی ئاشكرای هەبووە لەسەر درامای سووری، بەتایبەتی دوای نەمانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەستێرە مەزنەكان كە هەندێكیان پەیوەندییان بەو پرسەوە هەبووە. هەندێكیشیان هۆكارەكانیان هێشتا نازانرێت چییە و چۆنە؟ بەمەش بەرهەمی هونەری رووی لە داكشان كردووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش چەند هونەرمەندێكی دیكەش ئەستێرەیان گەشاوەتەوە، چونكە وێڕای خراپیی دۆخی ئابووری كە كاریگەریی خستووەتە سەر ئەم كەرتە، بەڵام ئەوان توانییان درێژە بە كارەكانیان بدەن.

رووداو: كرێی هونەرمەندان وەكو پێشترە، یان لەم دۆخەدا گۆڕاوە؟ 

نور ئەلوەزیر: بێگومان، كرێ بەراورد لەگەڵ رابردوو زۆر هەرزان بووە و بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە. بەتایبەتی بەهای لیرەی سووری زۆر دابەزیوە لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی. ئەمانەش هەموو كاریگەریی راستەوخۆیان هەبووە لەسەر هونەرمەندان. ئەستێرەكان كرێیان جیاوازە، چونكە هەندێك كەسایەتی هەن هەر ناوەكەیان بەهایەكی تایبەتی هەیە. 

رووداو: هاوژینەكەت لە دەرەوەی بواری هونەریدایە، ئەو پشتیوانیت لێدەكات؟ 

نور ئەلوەزیر: ئەو وەرگێڕی زمانی ئینگلیزییە و گەورەترین پشتیوانی منە. هونەرمەند هەلومەرجێكی كاركردنی تایبەتی دەوێ و پێویستی بە كاتێكی زۆر هەیە بۆ كاركردن. ئەگەر پشتیوانیی خانەوادەت نەبێت، گومانی تێدا نییە ناتوانیت بەردەوام بیت.

رووداو: لە گەڕەكێك گەورە بوویت كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كورد بوون، ئەوە چیت بەبیردێنێتەوە؟ 

نور ئەلوەزیر: من لە گەڕەكێكی كۆنی دیمەشق گەورە بووم بەناوی زاهیرەی نوێ، هەموو دراوسێیەكانمان كورد بوون. لە بۆنە و جەژنەكاندا سەردانی یەكدیمان دەكرد و بەردەوام داوام لێدەكردن زمانی كوردیم فێر بكەن، بەڵام ئەوان پێیان دەگوتم كە كارێكی سەختە و ناتوانیت فێربیت، من متمانەم بەخۆم هەبوو كە ئەو زمانە فێر دەبم.

رووداو: بایەخ بەتۆڕی كۆمەڵایەتی دەدەیت؟ 

نور ئەلوەزیر: بەدڵنیاییەوە، تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی زۆرترین بینەر و خوێنەری هەیە و گرنگە هونەرمەند راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ هەوادارانی بكات. من پەیج و هەژماری تایبەتم لە فەیسبووك، تویتەر و ئینستاگرام هەیە. هەواڵی بەردەوامی خۆم و كارە هونەرییە نوێیەكانم لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاودەكەمەوە.