حەسەن شەریف بەرهەمێکی نوێی بەبۆنەی نەورۆز بڵاوکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند حسەن شەریف، بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'هەر وانێ' بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بۆ هۆگرانی بڵاوکردەوە.
'هەر وانێ' لە تێکست و ئاوازی حەسەن شەریفە و رێناس میران لە ئاوازدانان بۆ گۆرانییەکە هاوکاری بووە.
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە نێو سرووشتی باشووری کوردستان وێنەگیراوە، سیپان عادل کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و لە کەناڵی تایبەتی ئەو هونەرمەندە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
حەسەن شەریف، لە 1969 لە گوندی کێستە لە پارێزگای دهۆک لەدایکبووە، لە تەمەنی 11 ساڵییەوە دەستی بە ژەنینی ساز کردووە، لە 1985 یەکەم بەرهەمی بەناوی 'تەمبوورا من' و لە 1986 بەرهەمێکی دیکەی بەناوی 'باران باری' بڵاوکردووەتەوە.
لە تەمەنی 17 ساڵیدا پەیوەندی بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردەوە کردووە، لە 1995 کوردستان بەرەو سوێد جێهێشتووە و دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان، خاوەنی زیاتر لە 10 ئەلبووم و چەندین ڤیدیۆکلیپە.
حەسەن شەریف هاوشانی 12 هونەرمەندی دیکەی چوار پارچەی کوردستان، بەشداری لە دوو بەرهەمی سەمفۆنی و کۆراڵی 'پێشمەرگە' و 'شنگال'ـدا کردووە کە بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداون.