ئەدێل بە گریانەوە داوای لێبوردن لە هەوادارانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو کۆنسێرتێکی ئەدێل، هونەرمەندی بەریتانی لە لاس ڤێگەس لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکەی تووشی کۆرۆنا بوونە، کۆنسێرتەکە دواخرا.
ئەدێل، دوێنی هەینی 21-1-2021 ڤیدیۆیەکی خۆی لە هەژماری تایبەتی لە فەیسبووک و ئینستگرام بڵاوکردەوە، تێیدا بە گریانەوە رایگەیاند، هەموو هەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی کۆنسێرتەکە سازبکەن، بەڵام نیوەی ستافی گرووپەکەی تووشی کۆرۆنا بوونە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو زۆر دڵگرانە و دوای لێبوردنیش لەو کەسانە دەکات کە بەهۆی کۆنسێرتەکەوە گەشتیان کردووە و لە ماوەی داهاتوودا خشتەیەکی نوێ بۆ کۆنسێرتەکانی رادەگەیێنێت.
کۆنسێرتەکانی ئەدێل لە یەکێک لە هوتێلەکانی لاس ڤێگەس بەڕێوەدەچن کە 24 کۆنسێرتن و نرخی بلیتی لە 971 پاوەند تاوەکو 12 هەزار و 500 پاوەندە و ئەو گۆرانیبێژە بۆ هەر کۆنسێرتێک 500 هەزار پاوەند وەردەگرێت.
ئەدێل، لە کۆنسێرتەکاندا جگە لە وەرگرتنی بەشێک لە داهاتی بلیتەکان، بەشێک لە داهاتی کەلوپەلە فرۆشراوەکان لە کاتی کۆنسێرتەکەدا بەدەستدێنێت.
لە زنجیرە کۆنسێرتەکەدا، ئەدێل گۆرانییەکانی نێو نوێترین ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی '30' پێشکێش دەکات کە چوارەم ئەلبوومیەتی.
ئەلبوومەکە لە 19-11-2021 بڵاوکرایەوە و تەنیا لە بەریتانیا لە ماوەی دوو رۆژدا 261 هەزار کۆپی فرۆشرا.
ئەدێل هەرچەند بۆ ماوەیەکی زۆر بێدەنگ دەبێت، بەڵام کە دەگەرێتەوە نێو گۆرەپانی هونەری، بە بەرهەمی بەهێز دەگەڕێتەوە و بەردەوام ریکۆردی نوێ تۆمار دەکات.
دەرکەوتنی ئەمجارەی ئەدێل لە رووی شێوە و رووخسارییەوە تەواو جیاوازبوو، لە دوای ئەوەی لە 2020 بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزاند.
ئەدێل، لە 5-5-1988 لە بەریتانیا لە دایکبووە، جگە لە گۆرانیگووتن، تێکستی گۆرانیش دەنووسێت، لە رێگەی دووەم ئەلبوومی بەناوی '21' ناوبانگییەکی جیهانیی بەدەستهێنا و 18 هەفتە پڕفرۆشترین ئەلبوومی بەریتانیا بوو و بەهۆیەوە ئەو ریکۆردە لە کتێبی گینس تۆمارکرا.