ئەمشەو کۆنسێرتی نەڤید زەردی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمشەو هونەرمەند نەڤید زەردی کۆنسێرتێک بۆ رەوەندی کوردی لە لەندەنی بەریتانیا سازبکات، تێیدا گوڵبژێرێک لە گۆرانییەکانی پێشکێش دەکات.
 
کۆنسێرتەکە، ئەمشەو شەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە هۆڵی "دۆمینیەن سێنتێر" سازدەکرێت، زیاتر لە هەزار کەس لە هۆگرانی ئەو هونەرمەندە تێیدا ئامادە دەبن.
 
لە 15ـی کانوونی یەکەمی 2024 نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەناوی "لەدایکبوون" بڵاوکردەوە، لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 361 هەزار بینەری لە یوتیوب هەیە.
 
نەڤید زەردی گۆرانیبێژ، ئاوازدانەر و تێکستنووسی گۆرانی، لە 2004ـەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و لەسەر ئاستی چوار پارچەی کوردستان ناوبانگی هەیە، چوار ئەلبووم و زیاتر لە 30 گۆرانی تاک و چەندین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردووەتەوە، تێکست و ئاوازی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد و بیانی داناوە و بە ستایلی پۆپ، رۆک، ھیپ ھۆپ بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو هونەرمەندە کوردە ملیۆنان بینەریان هەیە، جگە لە کورد، بینەری بیانیشیان هەیە و کۆمێنت بۆ ڤیدیۆکلیپەکانی دەنووسن، ڤیدیۆکلیپی "کوردە" زیاتر لە 37 ملیۆن بینەری هەیە و لە کۆی گشتی ڤیدیۆکانی لە کەناڵەکەی کە ژمارەیان 75 ڤیدیۆیە، زیاتر 289 ملیۆن بینەریان هەیە.