ماڵی میوزیکیی زەهاوی دوایین کۆنسێرتی ساڵ پێشکێش دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ماڵی میوزیکیی زەهاوی دوایین کۆنسێرتی لە 2024 سازدەکات کە تایبەتە بە میوزیکی کوردی و یۆنانی.
کۆنسێرتەکە کاژێر 7:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2024، لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر سازدەکرێت.
چوار هونەرمەندی یۆنانی میوزیک و گۆرانی وڵاتەکەیان پێشکێش دەکەن، لە بەشی کوردیدا، جگە لە هونەرمەند هەژار زەهاوی، هەریەک لە هونەرمەندان رێبین جەمال، بە گۆرانیگوتن و ژەنینی کلارنێت، زانا ئەنوەر بە ئامێری قانون و شیاو کەمال بە ئامێری ڤایۆلێن، میوزیک و گۆرانی کوردی پێشکێش دەکەن.
کۆنسێرتەکە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو سازدەکرێت.
ماڵی میوزیکیی زەهاوی، لە تشرینی یەکەمی 2024 کۆنسێرتی بۆ گرووپێکی میوزیکی ئەرمەنی لە سلێمانی سازکرد و هونەرمەندانی کوردیش تێیدا بەشداربوون، میوزیکی هەردوو نەتەوە ئاوێتە یەکدی کران.
هەژار زەهاوی، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2021، بە کۆنسێرتێک کە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشداربوون، دامەزراندنی ماڵی میوزیکیی زەهاوی لە هەولێر راگەیاند و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دارایی ئەو ماڵە دەکات و رووداو سپۆنسەری میدیایی کۆنسێرتەکانیەتی.