شانۆکارێکی کورد هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە فێستیڤاڵێکی تونس دەکاتە مەرج

رووداو دیجیتاڵ

'لەرێ' تیپێکی شانۆیی باشووری کوردستانە و لە پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سیکاڤینیریا بۆ شانۆی شەقام، لە شاری کاف لە تونس بەشداربوو و خەڵاتی زێڕینی فێستیڤاڵەکەی بەدەستهێنا.
 
مەرجی بەشداریکردنی تیپە شانۆییەکە لە فێستیڤاڵەکە، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەی بەشداربوو.
 
بەرهەمە شانۆییەکەی تیپی شانۆی لەرێ بەناوی 'من هۆشیارم'ـە و لە بەشی پێشبڕکێدا بوو، بەرهەمەکە توانی خەڵاتی سەرەکیی فێستیڤاڵ بەدەستبهێنێت، کە خەڵاتی زێڕینە.
 
ئەو بەرهەمە شانۆییە مۆنۆدراما بوو، کە باس لە ماددەی هۆشبەر دەکات. 'من هۆشیارم' لە بیرۆکەی هونەر تاهیر و لە دەرهێنان و نواندنی رزگار فەقێیە، بەرهەمی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
 
رزگار فەقێ، بە رووداوی راگەیاند، ئەوان ئامادە نەبوون وەک گرووپێکی عێراقی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداربن و فێستیڤاڵەکەیان ناچار کرد وەک گرووپێکی شانۆیی هەرێمی کورستان، بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازییان لێبکرێت و ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت.
 
روونیشیکردەوە، سەرەتا رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە رازی نەبوون ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەوە دابنێن، بەڵام دواتر لە رێگەی عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری فرەلایەنە و کاروباری یاسایی، هەروەها باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس، ئاڵای کوردستان لە نێو فێستیڤاڵەکەدا هەڵکرا.
 
پێنجەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سیکاڤینیریا بۆ شانۆی شەقام لە شاری کاف لە تونس لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 دەستیپێکرد و، شەوی رابردوو خەڵاتەکانی دابەشکران، ئەمڕۆش (پێنجشەممە 21ـی کانوونی یەکەم) چالاکییەکانی کۆتایی دێت. 
 
جگە لە تیپە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، هەشت وڵاتی دیکەی عەرەبی و ئەوروپی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن.