دێنزڵ واشنتن رەخنە لە سیاسەتی ئەمریکا دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
دێنزڵ واشنتن، ئەکتەری ئەمریکی لە کاتی بانگەشە و ناساندن بۆ فیلمە نوێیەکەی لە لەندەن، رایگەیاند، سیاسەت هۆکارێکە بۆ یارییکردن بە جەماوەر.
ئەو ئەکتەر جیهانییە لە کاتی پێشاندانی فیلمە نوێیەکەی "Gladiator II" ئەو لێدوانەی دا، کاتێک رۆژنامەڤانێک پرسیاری لەبارەی سیاسەت و دەسەڵات بە بەراورد لەگەڵ رۆڵی لە فیلمەکەدا لێکرد.
واشنتن، گوتیشی، ئاسانە لە دەرەوەی ئەمریکا بیت و هەموو شتێک بڵێیت، بەڵام رووت وەرگێڕە و وڵاتێکی دیکە هەڵبژێرە، دەبینیت هەموویان بە هەمان هۆکار یاریی بە جەماوەر دەکەن.
لەبارەی پێدانی دەسەڵات بە گەل وەک ئەوەی لە فیلمەکەدا باس کراوە، گوتی، "دەسەڵات بۆ گەل؟ بەڵێ راستە رۆژانێک ئەو دەسەڵاتەیان هەبوو کەچی پێیان دەگوترا چاخی بەردین".
لە پێشاندانی تایبەتی فیلمەکە، شا چارلی سێیەم، شای بەریتانیا ئامادەبوو و فیلمەکەی بینی.
لەلایەکی دیکەوە؛ دێنزڵ واشنتن کە براوەی دوو خەڵاتی ئۆسکارە، بەم دواییە رایگەیاند، بەر لەوەی لە کاری هونەری دووربکەوێتەوە، لە فیلمی "Black Panther 3" بەشدار دەبێت.
بەشی دووەمی زنجیرە فیلمی "Gladiator" لە 13ـی تشرینی دووەمی 2024 بڵاوکرایەوە، بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، لە دەرهێنانی ریدلی سکوتە، بەڵام ئەمجارە بەبێ راسڵ کرۆو کە لە بەشی یەکەمیدا رۆڵی سەرەکی گێڕابوو.
لە بەشی دووەمی زنجیرە فیلمەکەدا، پۆل مێسکاڵ، پێدرۆ پاسکاڵ و دینزڵ واشنتن رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
راسڵ کرۆو کە رۆڵی سەرەکی لە بەشی یەکەمیدا گێڕاوە، بەهۆیەوە ناوبانگییەکی جیهانی بەدەستهێناوە و لە بەشی دووەمیدا بەشدار نەبووە.
"Gladiator" بە یەکێک لە گرنگترین فیلمەکان لە مێژووی سینەمای جیهاندا دەناسرێت، لە دەرهێنانی ریدلی سکۆتە، بەهۆیەوە کرۆو خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی بەدەستهێنا.