لە نیویۆرک کەلوپەلی بەشێک لە ئەستێرەکانی هونەر دەفرۆشرێن


رووداو دیجیتاڵ

ئەوانەی حەز دەکەن ببن بە خاوەنی کەلوپەلی هونەرمەندە بەناوبانگەکانی جیهان، دەتوانن لەرێگەی زیادکردنێکی ئاشکرادا ئەو خەونەیان بە دی بێنن، بەڵام بۆ ئەمە دەبێت پارەیەکی زۆر بدەن.
 
لە زیادکردنێکی ئاشکرای خانەی جولیان ئۆکشنز، کەلوپەلی تایبەتی ژمارەیەک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکان بۆ فرۆشترن خراونەتەڕوو، لەوانە بەرهەمی مادۆنا، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی و کۆرت کۆبەین، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئەمریکی و ویتنی هیوستن، گۆرانیبێژ و ئەکتەری ئەمریکی.
 
زیادکردنە ئاشکراکەی ئەو خانەیە ساڵانە بەناونیشانی 'Iconic Pieces' بەڕێوەدەچێت، دوێنێ هەینی 20-5-2022 لە قاوەخانەی هارد رۆک لە نیویۆرک دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و کڕیاران دەتوانن لەرێگەی ئۆنلاینیشەوە بەشداربن.
 
لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، جلێکی مادۆنا بۆ فرۆشتن خراوەتەڕوو کە لە 1985 لە ڤیدیۆکلیپی 'Material Girl' پۆشیویەتی و رەنگی پەمەییە.
 
مارتن نۆلان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەکە رایگەیاند، مادۆنا ئەم جلەی بە کرێ بۆ ئەم بەرهەمەی هێنابووی و پێشتر بۆ بەڵگەفیلمێک لەبارەی مارلین منرۆ، ئەکتەری ئەمریکی لە 1976 دروستکرابوو و پێش مادۆنا، مۆنرۆ، جلێکی لەو شێوە و رەنگەی لە بەرهەمێکیدا بەکارهێنابوو.
 
هەر لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، گیتارێکی کۆرت کۆبەین، بۆ فرۆشتن دەخرێتەڕوو و پێشتر لە بەرهەمێکی بەناوی 'Smells like Teen Spirit' بەکاری هێناوە، پێشتر گیتارێکی ئەو گۆرانیبێژە بە شەش ملیۆن دۆلاری ئەمریکی فۆرشراوە و ژمارەیەکی پێوانەیی لە جیهاندا تۆمارکرد. 
 
یەکێک لە کەلوپەلە ناوازەکانی دیکەی نێو زیادکردنە ئاشکراکەدا، ئامێرێکی درامزی کۆلین هامبتن، ئەندامی گرووپی میوزیکی 'The Quarry Men'یە.
 
هەر لە زیادکردنە ئاشکراکەدا، چەند کەلوپەلێکی جانێت جاکسن، گۆرانیبێژی ئەمریکی و ئێمی واینهاوس، گۆرانیبێژی بەریتانی بەرچاو دەکەون.