هۆزان جانێ بەرهەمێک لەبارەی ژینا ئەمینی بڵاودەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

هۆزان جانێ، هونەرمەندی باکووری کوردستان، بەرهەمێکی نوێی لەبارەی ژینا ئەمینی و خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکردەوە.
 
هۆزان جانێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرهەمەکە بەشێوەی ڤیدیۆکلیپە و بەناوی 'ژینا ئەمینی' بڵاوکراوەتەوە و کاری میوزیکی لەلایەن مەمۆ گول کراوە و گەڕناس کوچەر تێکستی گۆرانییەکەی نووسیوە.
 
ئەم بەرهەمە میوزیکی و شیعرییە، وەک بەرهەمێکی دوێتی هۆزان جانێ و شاعیر گونای ئایدەمیر تۆمارکراوە.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە کەناڵی تایبەتی هۆزان جانێ لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە و عینایەت کۆی کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
 
لە ئەیلوولی 2022، دوای ئەو خۆپێشاندانانەی لە کاردانەوەی گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد و بیانی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەم و پەیامی هاوسۆزی، پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپێشاندانی کچان و ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیوە.
 
خۆپێشاندانەکان دوای گیان لەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی هات، کە دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانی لەدەستدا.