شەیدا بۆ (رووداو): لە توركیا داوای كۆنسێرتم لێدەكەن، بەڵام نایكەم

رووداو - هەولێر

شەیدا، هونەرمەندی كوردی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەڵێت لەبەر خاتری هونەرەكەی ناچار بوو رۆژئاوا جێبهێڵێ‌ و روو بكاتە توركیا، ئەو دەڵێت كە دەمێكە ئەلبوومێكی ئامادەیە، بەڵام نازانێ‌ بۆچی بڵاوناكرێتەوە.

شەیدا ئێستا یەكێك لە بەنێوبانگترین هونەرمەندانی گۆرانیبێژە لە رۆژئاوای كوردستان. ئەو بەو تۆنە غەمگینەی چەندین كەسی شەیدای دەنگی خۆی كردووە. شەیدا دەڵێت ئەو غەمگینییەی لە دەنگیدا هەیە زۆرتر بە جەماوەری ناساندووە.

ئەحمەد رەمەزان كە شەیدا ناسناوە هونەرییەكەیەتی، ساڵی 1971 لە شاری عاموودای رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە، باوكی سێ‌ منداڵە، ئەویش وەكو هەزاران كوردی دیكەی رۆژئاوا لە دوای قەیرانی سووریا ناچار بوو زێدی خۆی جێبهێڵێ‌ و ئێستا لە شاری ئیزمیری توركیا نیشتەجێیە.

شەیدا سێ‌ ئەلبوومی گۆرانی هەیە. یەكەم ئەلبوومی لە ساڵی 1999 تۆمار كردووە. ساڵی 2004 ئەلبوومێكی بە ناوی ئاخ ژ ئەسمەر بڵاوكردووەتەوە. ساڵی 2009 سێیەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی كەچا كورد بڵاوكردووەتەوە.

شەیدا باسی دوایین بەرهەمی خۆی دەكات و دەڵێت "دوا بەرهەمم ساڵی 2013 بوو كە ئەلبوومێك بوو حەوت گۆرانی لەخۆگرتبوو، لە نێویاندا گۆرانی "ئەرێ برا" هەبوو كە تەنانەت كلیپیشمان كرد، بەڵام نازانم كەی بڵاودەبێتەوە و پێویستە بڵاوبكرێتەوە، چونكە لە گرێبەستەكەماندا وا هاتووە".

شەیدا لە ماوەی رابردوودا چەند گۆرانییەكی سینگڵی تۆمار كردووە، لەوانەش (كۆبانێ‌) و (گوڵی كوردستان). هەروەها گۆرانییەكی تایبەت بە مرۆڤایەتی و برایەتی. شەیدا دەڵێت "گۆرانی و چەندین چالاكیی دیكەی هونەریم هەیە بەڵام تۆمارنەكراون، باری ئابووریشم باش نییە بۆ ئەوەی لەسەر ئەركی خۆم تۆماریان بكەم".

شەیدا لەبارەی جێهێشتنی عاموودا دەڵێت: "زۆربەی موزیكژەن و خاوەن ستۆدیۆكان، بەهۆی شەڕ و خراپیی دۆخی رۆژئاڤا، كۆچیان كرد و هەموو چالاكییەكانم وەستان. دۆخەكە هێندە خراپ بوو بۆمان نەدەكرا بچینە دەرەوە، لەو كاتەدا چەندین گۆرانیم لەنێو ماڵی خۆمدا تۆمار كرد بەڵام بەهۆی نەبوونی موزیكژەنی كەمان و گیتار كارەكە سەختتر دەبوو، دەبووایە بۆ دۆزینەوەی موزیكژەن یان بچیتە توركیا یان دیمەشق". هەروەها دەڵێت "دۆخی رۆژئاڤا بەرەو خراپبوون دەچوو. بۆ پاراستنی منداڵەكانم و دابینكردنی داهاتوویەكی باش بۆیان، بەناچاری بڕیارماندا بچینە توركیا و لە ئیزمیر نیشتەجێ ببین".

عاموودا هەمیشە لە خەیاڵی شەیدادایە، ئەو تەمەنی منداڵی و گەنجێتی خۆی بە كشتوكاڵ و هونەر لەو شارەدا بەسەر بردووە، هەمیشە خۆزگە دەخوازێ‌ رۆژێك زووتر بگەڕێتەوە ئەوێ‌.

شەیدا دەڵێت "ژیانی مرۆڤ واتە یادەوەری، هیچ مرۆڤێك نییە خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتیمان و شوێنی لەدایكبوونی نەبێت. عاموودا ئەو شارەیە تێیدا لەدایكبووم و تەمەنی منداڵێتی و گەنجی و خۆشەویستیم لەوێ بووە. خۆشترین كاتەكانی ژیانم لەم خاكەدا بووە. هیوادارم دەرفەتێكم بۆ بڕەخسێ و بگەڕێمەوە".

دڵی شەیدا هەر لە رۆژئاوای كوردستانە، بەتایبەتی لەلای هاوڕێ‌ كۆچكردووەكەی فەرهاد عەجمۆ. شەیدا دەڵێت "سەختترین ساتەكانی ژیانم، هەواڵی كۆچی دوایی دایكم و هاوڕێی خۆشەویستم شاعیری داهێنەر فەرهاد عەجمۆ بوو، من لە دوورە وڵات بووم. هەستێكی زۆر ناخۆش و شۆكی ژیانم بوو، نەمدەزانی چی بكەم، تەنیا خەمخواردن بەشی من بوو".

ئەو زیاتر لەبارەی هاوڕێكەی قسە دەكات و دەڵێت "چەندین شاكاری زۆر جوانی هەیە كە هێشتا بڵاونەكراونەتەوە. چەندین پرۆژەی ئەدەبیی زۆر جوانی هەبوو بەردەوام بۆی باسدەكردم كە چۆن هەوڵدەدات پرۆژەكانی قۆناغ بەقۆناغ سەربكەوێت. لە پڕۆژەی داهاتوومدا هەوڵدەدەم سەرجەم شیعر و شاكارە هونەرییە بڵاونەكراوەكانی چاپ بكەم بۆ ئەوەی نەوەی نوێ ئاشنای ئەم شاكارە هونەرییە زۆر جوانانە بن".

سەبارەت بە چالاكییە هونەرییەكانی لە توركیاش دەڵێت: "چەند جارێك داوام لێكراوە كۆنسێرت و ئاهەنگ ساز بكەم بەڵام رەتمكردەوە".

شەیدا لەنێو هەوادارانیدا بە محەممەد شێخۆی سەردەم ناسراوە. ئەو لە هەڤپەیڤینێكی پێشووی لەگەڵ (رووداو)دا گوتی كە كاریگەریی ئەو هونەرمەندەی لەسەرە و دەڵێت "محەممەد شێخۆ نەك لەسەر من، بەڵكو كاریگەری لەسەر هەموو هونەرمەندانی ئێستا هەبووە. ئەو ستوونێكی هونەری گۆرانییە لە رۆژئاوای كوردستان".

باشووری كوردستان خۆی بۆ گشتپرسی لە 25ی ئەیلول ئامادە دەكات، بەشێك لە هونەرمەندان دەیانەوێ‌ بە هونەرەكەیان هانی هاووڵاتیان بدەن بەشداری لە گشتپرسیدا بكەن.

شەیدا لە ئیزمیرەوە دڵی بۆ ئەو بەشەی كوردستان لێدەدات و دەڵێت "سەربەخۆیی كوردستان ئامانج و خەونی ئێمەیە، بە هەزاران شەهیدمان بۆ ئەو ئامانجە داوە، بۆیە دەبێ‌ كاری زیاتری بۆ بكەین، هیوادارم كوردستان لەسەر نەخشەی نوێی جیهان ببینم".

شەیدا ئاشكرای كرد كە بەرهەمێكی بۆ گشتپرسی ئامادە كردووە و گوتی "هاوڕێیەكم خەڵكی رۆژئاڤایە و شاعیرە بەناوی خالید عومەر، شیعرێكی نووسیوە كە تایبەتە بە رۆژی گشتپرسی و هیوادارم بتوانم تۆماری بكەم".