هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ پیاوان بەڕێوەدەچێت

رووداو دیجیتاڵ

هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ پیاوان، بە بەشداری ژمارەیەک دیزاینەر و براندی بەناوبانگی جلوبەرگ بەڕێوەدەچێت.
 
هەفتە نمایشەکە لە 17 حوزەیرانی 2022 دەستیپێکرد و تاوەکو سبەی سێشەممە لە میلانی ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت. 
 
براندی فێندی کە یەکێک لە گرنگترین براندەکانی بواری فاشنە لە جیهاندا، نوێترین کۆلێکشنی بۆ وەرزی بەهار و هاوینی 2023 لە چوارچێوەی ئەو هەفتە نمایشە خستەڕوو.
 
دیزانەکان لەلایەن سیلڤیا ڤێنتورینی، دیزاینەری فێندی، دیزاینکراون، رەنگی جیا جیا لە دیزاینەکاندا بەکارهاتوون، لەوانە رەنگی رەش، قاوەیی، خاکی، شین، زەرد و پرتەقاڵی.
 
کۆلێکشنەکە کڵاو و جانتای دەستی پیاوانیشی لەخۆگرتبوو، بۆیە بەشێکی زۆر لە نمایشکارەکان کڵاویان لەسەر بوو و جانتای قەبارە جیا جیایان بەدەستەوە بوو.
 
لە نمایشی جلوبەرگەکەدا، ژمارەیەک کەسایەتی ناسراو و دیزاینەری جلوبەرگ ئامادەبوون، زیکۆ، گۆرانیبێژ و بەرهەمهێنەری کۆرۆیای باشوور، یەکێک لە ئامادەبووان بوو.
 
فێندی، خانەیەکی جلوبەرگی ئیتاڵی گرانبەهایە، بە دیزایینی جانتای دەست ناوبانگی پەیداکردووە، لە 1925 دمەزراوە و سەرەتا بە دیزاینی جلوبەرگی خوری و پێستی سرووشتی لە رۆمان دەستیپێکردووە.
 
هەر لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگی میلان بۆ پیاوان، براندی فێرساچێ، نوێترین دیزاینەکانی بۆ جلوبەرگی بۆ بەهار و هاوینی 2023 خستەڕوو.
 
دۆناتێلا ڤێرساچێ، دیزاینەری ئیتاڵی و جێگری کۆمەڵەی ڤێرساچێ، دیزاینەری کۆلێکشنەکە بوو و دیزاینەکان لەلایەن ژماریەک نمایشکاری پیاو، لە نێو گۆڕەپانی خانەی ڤێرساچێ خرانەڕوو.
 
لە کۆلێکشنەکەدا سەرنجڕاکێشترینیان کراسی ئاوریشمی بوون و رەنگی جیاواز بەکارهاتبوون، بەتایبەتیش رەنگی زەرد، پرتەقاڵی و پەمەیی کە لە رەنگی گۆشتی سەلەمونەوە نزیکە. 
 
هەروەها کۆمەڵەی ئیمپۆریۆ ئارمانی، نوێترین دیزاینەکانی پیاوانی بۆ وەرزی بەهار و هاوینی 2023 خستەڕوو و جۆرجیۆ ئارمانی، دیزاینەری ناسراوی ئیتاڵی و چەند کەسایەتییەک ئامادەی نمایشەکە بوون.
 
جلەکان بۆ پیاسەیەکی نێو پارک، نانخواردنی ئێوارە و ئاهەنگ لە کەنار دەریاکان گونجاون و رەنگی سپی و شین بەسەر کۆلێکشنەکەدا زاڵ بوو.
 
لە دیزاینەکاندا چاویلکەی پێش خۆر بەکارهاتبوو، پانتۆڵی شل و هاوشێوەی بیجامە بەرچاو دەکەوتن و بەشێک لە دیزاینی جلەکانیش چاکەتی تەنک بەکارهاتبوو.
 
جۆرجیۆ ئارمانی، دیزاینەرێکی ناسراوی ئیتاڵییە و خاوەنی براندی ئارمانییە، جگە لە جلوبەرگ، دیزاینەکانی چاویلکە، پێڵاو، کاتژمێر و ئێکسسواراتە و براندەکەی بە دووەم گەورەترین براندی مۆدە لە دوای براندی پرادا لە ئیتاڵیا دەناسرێت.