ئەمڕۆ سەعەد لمجەرەد بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دادگایی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ، سەعەد لمجەرەد، هونەرمەندی مەغریبی، لە پاریسی فەرەنسا دادگایی بکرێت و دادگاییکردنەکە ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە کە بەم دواییە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، تۆمەتی لێدان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە هوتێلەکانی پاریس لە 2016 خراوەتە پاڵ.
 
لمجەرەد (37 ساڵ)، بەهۆی ئەو تۆمەتەوە دەستگیرکرابوو و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا و ئەو کات بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک لە فەرەنسا، لەو وڵاتە بوو.
 
لۆرا بی، ئێستا تەمەنی 27 ساڵە و لمجەرەد بەو تۆمەتە تاوانبار دەکات کە ئەوکات تەمەنی 20 ساڵ بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، ئەو گۆرانیبێژە لە 2017 ئازادکراوە.
 
فەرمانبەرانی هوتێلەکە شایەتی بۆ ئەوە دەدەن کە لەو شەودا کچێکیان بینیوە بە گریناەوە هاتووەتە لایان و داوای بەهاناوەچوونی کردووە، پیاوێکی سەرخۆشیشیان وەستاندووە کە بەدوای کەوتبوو.
 
ئەو هونەرمەندە یەکەمجار نییە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەخریتەپاڵ، پێشتریش هەمان تۆمەتی لە ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتەکەی خراوەتە پاڵ.
 
سەعەد لمجەرەد، لە 7ـی نیسانی 1985 لە مەغریب لەدایکبووە، گۆرانیبێژ، سەمکار، تێکستنووسی گۆرانی و بەرهەمهێنەرە، کوڕی هەردوو هونەرمەند ئەلبەشیر عەبدو و نەزهەت رکراکییە، لە 2007 دەستی بە کاری هونەری کردووە، لە رێگەی کار هونەرییەکانییەوە چەندین خەڵاتی عەرەبی و جیهانی وەرگرتووە، یەکەم هونەرمەندی عەرەبە ڤیدیۆکلیپێکی بەناوی 'لمعلم' لە یوتیوب بگاتە یەک ملیار بینەر.