دەستدرێژی بۆ سەر ژنێک دەرگاکانی ناوبانگی بە رووی جۆناسەن مەیجێرز دادەخات

رووداو دیجیتاڵ

جۆناسەن مەیجێرز، ئەکتەری ئەمریکی کە لە سەرەتای درەوشانەوەی بوو لە هۆلیوود و جیهان، بەڵام دەستدرێژی و لێدان بۆ سەر ژنێک، دەرگاکانی ناوبانگی بە روودا دادەخات و دوو کۆمپانیای بەناوبانگی بەرهەمهێنانی سینەمایی، هەموو پڕۆژەکانیان لەگەڵ ئەو ئەکتەرە هەڵوەشاندەوە.
 
رۆژی دووشەممە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، دادگاییکردنی جۆناسەن مەیجێرز بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر خۆشەویستی پێشووی بەڕێوەچوو و ئەو ئەکتەرە تاوانەکەی رەتکردەوە.
 
گریس جباری، ناوی خۆشەویستی پێشووی ئەو ئەکتەرەیە و دەڵێت، لە ئاداری رابردوو، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی دەستدرێژی کردووەتەوە سەری و ئازاری زۆری پێگەیاندووە و جێیهێشتووە، لە بەرامبەردا پارێزەری مەیجێرز دەڵێت، جباری هێرشی کردووە.
 
هەر لە دانیشتنی دادگەدا، چەند نامەیەک خرانەڕوو کە مەیجێرز هەڕەشەی خۆکوشتنی کردووە، جگە لە تۆمارێکی دەنگی نێوان ئەو ئەکتەرە و خۆشەویستی پێشووی.
 
ئەو نامانەی خرانەڕوو لە ئەیلوولی 2022 لە رێگەی مۆبایلەوە لە نێوان مەیجێرز و جباری بۆ یەکدی نێردراون، دوای ئەوەی جباری سەری تووشی پێکان دەبێت، مەیجێرز، داوای لە خۆشەویستەکەی کردووە سەردانی نەخۆشخانە نەکات، چونکە پرسیاری لێدەکەن و بەهۆی لێکۆڵینەوە تووشی کێشە دەبەن.
 
لە وەڵامدا گریس جباری، نووسیویەتی، ئەو بە پزیشک دەڵێت کە سەری بەر دیوار کەوتووە، ئەگەر بچێت رۆژێکی دیکە چاوەڕێ دەکات، بەڵام ناتوانێت بخەوێت و پێویستی بە هێورکەرەوەی بەهێزترە. هەورەها نووسیویەتی، بۆ دەبێت پێیان بڵێت، لە کاتێکدا روونە ئەو دەیەوێت لەگەڵ ئەودا (مەیجێرز) بێت.
 
دواتر جباری، نامەیەکی دیکەی بۆ مەیجێرز ناردووە، تێیدا دەڵێت، ئەگەر هەست بە سەلامەتی ناکەیت، ئەو سەردانی پزیشک ناکات و بەڵێنی ئەوەی پێیداوە بە هیچ جۆرێک ناوی نەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ترسی ئەو بۆ دۆخەکە تێدەگات.
 

لە دوای تۆمەتبارکردنی مەیجێرز (34 ساڵ) لەلایەن دەستەی دادوەری مانهاتنەوە کە پێشتر لە چەند تۆمەتێکی دیکەی هێرشکردن و دەستدرێژیکردن؛ بێتاوان دەرچووە، ستۆدیۆ مارڤڵ و کۆمپانیای واڵت دیزنی گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵی هەڵوەشاندەوە.
 
کەسێکی نزیک لە دیزنی و مارڤڵ کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکات، رایگەیاند، ئەستێرەی فیلمی 'Creed III' لە هەموو پڕۆژەکانی داهاتووی ئەو دوو کۆمپانیایە دوورخراوەتەوە.
 
مەیجێرز، بەر لە دەستگیرکردنی؛ ئەستێرەی لە جیهانی سینەمادا بەرەو درەوشانەوە دەچوو، بەتایبەتیش لە جیهاندا مارڤڵدا کە لە فیلمی 'Ant-Man and the Wasp: Quantumania' و هەردوو وەرزی 'Loki'ـدا رۆڵی گێڕاوە و بڕیاربوو لە فیلمی 'Avengers: The Kang Dynasty'ـدا رۆڵبگێڕێت و پلانی بۆ دانراوە لە ئایاری 2026 بڵاوبکرێتەوە.
 
ئەو ئەکتەرە سینەماییە بەوە ناسراوە کە لە ماوەیەکی کەمدا توانی ببێتە یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆلیوود و پێشتر لە فیلمی 'The Last Black Man in San Francisco'، 'Devotion' و 'Devotion' رۆڵی گێڕاوە.
 
پێشبینی دەکرێت مەیجێرز، بەهۆی ئەو تاوانەوە، بۆ ماوەی یەک ساڵ زیندانی بکرێت، بەڵام ئەگەری هەیە لە بری زیندانیکردن، بخرێتە ژێر چاودێرییەوە.
 
جباری، سەماکار و دیزاینەری سەمایە و خەڵکی بەریتانیایە (30 ساڵ)، چیرۆکی خۆشەویستیی لەگەڵ مەیجێرز بۆ دوو ساڵ لەوبەر دەگەڕێتەوە کاتێک لە کاتی وێنەگرتنی فیلمی ' Ant-Man and the Wasp: Quantumania' یەکدیان ناسی.
 
جباری، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مەیجێرز، بە دەستی لە سەری داوە و قۆڵی بۆ دواوە سوڕاندووە و فشاری خستووەتە سەر پەنجەی ناوەڕاستی و شکاندوویەتی.
 
پارێزەرانی مەیجێرز، دەڵێن، هۆکاری کێشەکە ئیرەیی بووە، لە دوای ئەوەی نامەیەک بۆ مۆبایلەکەی مەیجێرز هاتووە و مەیجێرز تەنیا ویستویەتی مۆبایەلەکی بەدەست بێنێتەوە.
 
لە ماوەی چوار رۆژی دادگەییکردندا، مەیجێرز، رۆژانە بە کتێبێکی 'ئەنجیل' بە زێڕ داپۆشرا لەگەڵ ئەندامانی ماڵباتەکەی و خۆشەویستە نوێیەکەی مێگان گوود، ئەکتەر و مۆدێلی ئەمریکی لە دادگە ئامادە دەبوو.
 
پارێزەری مەیجێرز، بە ڤیدیۆ بەڵگەیەکی خستەڕوو کە مەیجێرز، بە راکردن لە خۆشەویستەکەی دووردەکەوێتەوە، دوای رووداوەکەش جباری ژمارەیەک خەڵکی نامۆ لەسەر شەقام دەبینێت و لە یانەیەکی سەماکردن بە کارتی بانکیی مەیجێرز، داوەتیان دەکات.
 
مەیجێرز، یەکەم ئەکتەر نییە بەهۆی تۆمەتی هێرشکردن و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە ژنان رووبەڕووی دادگە دەبێتەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەیەک لە هونەرمەندان رووبەڕووی دادگە کراونەتەوە و بەشێکیان ئێستا لە زینداندا دەمێنەوە.
 
 
جۆنی دێپ، ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی، یەکێک لەو ئەکتەرانەبوو بەهۆی تووندوتیژی خێزانییەوە رووبەڕووی دادگە کرایەوە و ئێمبەر هێرد، ئەکتەری ئەمریکی و هاوژینی پێشووی، بە هێرشکردنە سەری تۆمەتباریکردبوو، بەڵام دواجار دێپ بێتاوان دەرچوو و بەشێک لە قسەکانی هێرد بە درۆخرایەوە و بەهۆیەوە دێپ داوای قەرەبووی کرد کە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلار بوو، دواتریش لە هێرد خۆشبوو و تەنیا یەک ملیۆن دۆلاری لێوەرگرت و بەخشرایە چەند رێکخراوێک.
 
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لەدایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە گۆڵدن گڵۆب و سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی ئەو ئەکتەرە لەرێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street'  رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.
 
لە نەوەدەکاندا زیاتر لە فیلمە سەربەخۆکاندا رۆڵی گێڕاوە، لەوانە فیلمی ' What's Eating Gilbert Grape' و فیلمی 'Benny and Joon' لە 1993، دواتریش لە فیلمی 'Dead Man' لە 1995، هەروەها لە فیلمی 'Donnie Briscoe' لە 1997 و 'Loathing in Las Vegas' لە 1998.
 
فیلمەکانی ئەو ئەکتەرە پڕداهاتن، کۆی داهاتی فیلمەکانی لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور 3.7 ملیار دۆلارە، بە گشتی لە سینەماکانی جیهانیشدا 10 ملیار دۆلار بووە، لە 2012 بەهۆی وەرگرتنی زۆرترین کرێ بۆ فیلمەکانی، ناوی لە کتێبی گینس تۆمارکرا.
 
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت و بڕیارە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.
 
ئێمبەر هێرد، لە 22ـی نیسانی 1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی  'Never Back Down'لە 2008، 'Drive Angry' و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.
 

هارڤی واینستن، بەرهەمهێنەری ناسراوی هۆلیوودی، یەکێک لەو کەسانەیە کە بەهۆی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی ئێستا لە زینداندایە و بەهۆی تاوانێکەوە بڕیاری 23 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو و چەند تۆمەتێکی دیکەیشی ئاراستەکراوە.
   
پێشتر ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بە تایبەتیش ئەوانەی لە بواری سینەمادا کار دەکەن، تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان دایە پاڵ واینستن، دیارترینیان هەردوو ئەستێرەی هۆلیوود ئەنجلینا جولی و سەلما حایک بوون.
 
تۆمەتبارکردنی واینستن لە 2017ـەوە لە رێگەی راگەیاندنی بزاڤی 'Me Too' بوو کە بەهۆی باڵادەستیی لە پیشەسازی سینەمادا لە هۆلیوود، ئەو کارانەی کردووە.
 
هارڤی واینستن، لە 19ـی ئازاری 1952 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لەگەڵ براکەی بۆب واینستن، کۆمپانیای 'Miramax'ـی دامەزراند و چەندین فیلمی سینەمایی سەرکەوتووی بەرهەمهێنا، لەوانە فیلمی 'Videotape' لە 1989، فیلمی 'The Crying Game' لە 1992، فیلمی 'Pulp Fiction' لە 1994، فیلمی 'Flirting with Disaster' لە 1996 و فیلمی 'Shakespeare in Love' لە 1998.
 
لە 2005 کۆمپانیایەکی دیکەی لەگەڵ براکەی بەناوی 'The Weinstein Company' دامەزراند و تاوەکو 2017 کاری کرد و ستۆدیۆیەکی بەرهەمهێنانی فیلمی لەخۆگرتبوو.
 
واینستن، لە تشرینی یەکەمی 2017 بە تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی لە کۆمپانیاکە دوورخرایەوە، لە هەمانکاتتدا لە ئەکادیمیای هونەر و زانستی فیلمی جوڵاو دەرکرا.
 
تاوەکو 31 تشرینی یەکەمی 2017 زیاتر لە 80 ژن واینستنیان تۆمەتبارکرد، بەهۆیەوە کەمپینی 'MeToo'  لە دژی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە بەرفراونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و کاری لەسەر کرا.
 
واینستن، بەهۆی ئەو تۆمەتانەوە لە ئایاری 2018 لە نیویۆرک دەستگیرکرا و لە شوباتی 2020 بەهۆی پێنج تاوانەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، لە دوای زیندانیکردنیشی بۆ ماوەی 23 ساڵ، سکاڵاکان لەسەری بەردەوامن.
 
بەهۆی بە تەمەندا چوونی هارڤی واینستن و نەخۆشکەوتنی، ئێستا لەسەر کورسییە و چەند جارێکی دیکە لە دادگا ئامادە بووە، بەڵام توانای وەستان لەسەر قاچەکانی نەبووە. لە ئازاری 2020 لە زینداندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو و باری تەندروستیی تێکچوو و بە گەشتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 ژن تۆمەتی دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسیان خستووەتە پاڵی و زۆربەیان ئەکتەری ژنن. 
 

بیڵ کۆزبی (86 ساڵ)، ئەکتەری کۆمێدی ئەمریکی، یەکێکی دیکە لەو ئەکتەرانە بوو کە بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی رووبەڕووی دادگە کرایەوە.
 
جودی هۆت (64 ساڵ)، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خستە پاڵ ئەو ئەکتەرە کە لە 1975 لە کۆشکی 'پلەی بۆی' روویداوە، بە گوتەی ئەو ژنە، ئەوکات تەمەنی کەمتر لە 16 ساڵ بووە، ئەمەش دوایین تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بوو ئەو ئەکتەرە رووبەڕووی کرایەوە، لە دوای ئەوەی دادگەی تێهەڵچوونەوە لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، بڕیاری زیندانیکردنی لەسەر لادا و ئازادکرا کە بەهۆی تۆمەتی هاوشێوەی ئەو تۆمەتە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچووبوو.
 
پێشتر کۆزبی، لەلایەن چەندین ژنەوە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خرایەپاڵ، وەک چۆن تۆمەتەکانی پێشووی رەتکردبووەوە، ئەم تۆمەتەشی رەتکردەوە.
 
ئەو ئەکتەرە بە تاوانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێک بەناوی ئاندریە کۆستاند لە 2004، بڕیاری سێ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام لە دوای تانە دان لە بڕیارەکە لە دادگەی تێهەڵچوونەوە، لە حوزەیرانی 2021 بڕیاری ئازداکردنی درا.
 
بیڵ کۆزبی، لە 12ـی تەمموزی 1937 لە ئەمریکا لە دایکبووە، لە شەستەکانی سەدەی رابردووە وەک ئەکتەرێکی كۆمێدی نمایشی سەر شانۆ ناوبانگی پەیداکردووە، دواتر لە چەندین بەرهەمی تەلەڤزیۆنی و سینەماییدا رۆڵی گێڕاوە و بەهۆیەوە چەندین خەڵاتی وەرگرتوونە، لەوانە خەڵاتی گرامی.
 

کێڤن سپەیسی، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری سینەمایی ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار، یەکێکی دیکە لەو ئەستێرانە بوو کە بەهۆی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسییەوە رووبەڕووی دادگە کرایەوە و خەریکبوو ناوبانگە جیهانییەکەی لەدەستبدات.
 
تۆمەتەکەی ئاڕاستەی سپەیسی کرابوو، جیاوازبوو، چونکە سێ پیاو تۆمەتی گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسیان خستبووە پاڵ. 
 
لە دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلای پۆلیسی لەندەن، سکاڵاکە درایە دادگە و ئەو ئەکتەرە تەمەن 62 ساڵە، لە 16-6-2022 لە دادگەی وێستمنستەر لە لەندەن ئامادەبوو.
  
هەر بە هۆی ئەو سکاڵایانەی لە دژی ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە تۆمارکراون، تۆڕی نێتفلێکس، سپەیسی لە  زنجیرەی 'House of Cards' لە 2017 دوورخستەوە و مەترسی لەسەر داهاتووی لە بواری نواندندا دروستکرد.
 
هەروەها دادگەی فیدراڵیی نیویۆرک، داوای لەو ئەکتەرە کردبوو لە دادگە ئامادە بێت، لە دوای ئەوەی ئەنتۆنی راپ، ئەکتەر و گۆرانیبێژی ئەمریکی، تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خستە پاڵ کە بەر لە سێ دەیە روویداوە و ئەوکات ئەو گۆرانیبێژە تەمەنی 14 ساڵ بووە.
 

کوبا گودینگ جۆنیور، ئەکتەری ئەمریکی و براوەی خەڵاتی ئۆسکار وەک باشترین ئەکتەری سەرەکی، بەهۆی هەمان تاوان ناوبانگی خۆی لەکەدار کرد و دانی بەوە نا کە لە 2018 دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ژنێک لە نیویۆرک و بەهۆیەوە زیندانی کرا. 
 
ئۆ یۆنگ سۆ، ئەکتەری کۆریای باشوور و یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی زنجیرەی  'Squid Game' یەکێکی دیکە بوو لەو کەسانەی دوای درەوشانەوەی ناوی لە جیهاندا، تۆمەتی گیچەڵی سێکسی خرایە پاڵ گوایە لە 2017 ئەنجامی داوە.
 
ئۆ یۆنگ سۆ، لە کانوونی دووەمی 2022 خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپی وەک باشترین ئەکتەری یاریدەدەر وەرگرت و یەکەم ئەکتەری کۆریا بوو ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
 
ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە لە تۆڕی نێتفلێکس بڵاوکراوەتەوە و توانی پێش هەردوو زنجیرەی 'Stranger Things' و 'Bridgeton' لەو تۆڕە بکەوێت لەسەر ئاستی ئەو خزمەتگوازرییە لە تەواوی جیهاندا.
 

نەیتن چەیزینگ هۆرس، ئەکتەری ئەمریکی یەکێکی دیکەیە لەو ئەکتەرانەی تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی خرایە پاڵ. 
 
ئەو ئەکتەرە لە فیلمی بەناوبانگی 'Dances With Wolves' رۆڵی گێڕاوە و تۆمەتی ئەوەی خرایە پاڵ کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا؛ دەستدرێژی سێکسی کردووەتەوە سەر ژنان و کچانی ئەمریکی رەسەن لە لاس ڤێگەسی ئەمریکا.
 
دەستەی سوێندخواردنی ناوچەی کلارک لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، چەیسینگ هۆرس تەمەن 46 ساڵ بە 19 تۆمەتبارکرد و تۆمەتەکان بریتیبوون لە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵێکی خوار تەمەن 16 ساڵ، رفاندن، لەشفرۆشی و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان. 
 

لە جیهانی عەرەبیدا، یەکێک لە ناودارترین هونەرمەندانی رووبەڕووی هەمان تۆمەت کرایەوە و بەهۆیەوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ دەرچوو، ئەویش سەعد لمجەرەد، هونەرمەندی مەغریبی بوو.
 
بڕیارەکە لە دوای تاوانبارکردنی بە "دەستدرێژیکردنی سێکسی و لێدان" لە کچێکی فەرەنسی بوو، لە تشرینی یەکەمی 2016ـدا.
 
دادگەی تاوانەکان لە 24ـی شوباتی 2023، لە دوای حەوت کاژێر گفتوگۆکردن لەبارەی دۆسییەکە، رایگەیاند، ئەوان دڵنیان لە روودانی دەستدرێژی سێکسییەکە و دەستبەجێ لە دوای بڕیاری دادگە، ئەو هونەرمەندە بەرەو زیندان بەڕێکرا.
 
جگە لە بڕیاری شەش ساڵ زیندانیکردن، لە دوای تەواوکردنی ئەو ماوەیە، لمجەرەد بۆی نییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بێتە نێو خاکی فەرەنسا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەنای بردە بەر دادگەی تێهەڵچوونەوە، بڕیاری ئازادکردنی درا، تا ئەو کاتەی دووبارە بڕیار لەبارەی دۆسییەکە دەدرێتەوە.
 
ئەو هونەرمەندە مەغربییە، لە بەردەم دادوەر رەتیکردەوە دەستدرێژی سێکسی کردبێتە سەر لۆرا بی، یان پەیوەندی لەگەڵدا هەبووبێت.
 
ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە کە بەم دواییە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، تۆمەتی لێدان و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە هوتێلەکانی پاریس لە 2016 خرابووە پاڵ.
 
پێشتر لمجەرەد (38 ساڵ)، بەهۆی ئەو تۆمەتەوە دەستگیرکرابوو و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا و ئەو کات بە مەبەستی سازکردنی کۆنسێرتێک لە فەرەنسا، لەو وڵاتە بوو.
 
لۆرا بی ئێستا تەمەنی 28 ساڵە و لمجەرەدی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە لە کاتی رووداونی دەستدرێژییەکە؛ تەمەنی 20 ساڵە بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک، پێشتر ئەو گۆرانیبێژە ئازادکرابوو.
 
فەرمانبەرانی هوتێلەکە شایەتیان بۆ ئەوە دابوو کە لەو شەودا کچێکیان بینیوە بە گریانەوە هاتووەتە لایان و داوای بەهاناوەچوونی کردووە و پیاوێکی سەرخۆشیان وەستاندووە کە بەدوای کەوتبوو.
 
ئەو هونەرمەندە یەکەمجار نییە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی دەخریتەپاڵ، پێشتریش هەمان تۆمەتی لە ئەمریکا، فەرەنسا و وڵاتەکەی خراوەتە پاڵ.
 
ڤیدیۆکلیپەکانی ئەو گۆرانیبێژە عەرەبە، بینەری زۆریان هەیە، لەوانە ڤیدیۆکلیپی 'معلم' کە زیاتر لە یەک ملیار بینەری هەیە و یەکەم هونەرمەندی عەرەبە بینەری ڤیدیۆکلیپی لە یوتیوب بگاتە ئەو ژمارە گەورەیە.
 
لەگەڵ ئەوەی چەندین هونەرمەند و کەسایەتییە بەناوبانگەکان لە جیهاندا رووبەڕووی تۆمەتی سێکسی دەکرێنەوە، بەڵام کەمترین جار تۆمەتەکان بە تاوان ناسێندراون، هۆکارەکەش نەبوونی بەڵگەی بەهێز بووە، یاخود زۆرجار کەسانێک دەیانەوێت لە رێگەری ئەو دۆسییانەوە پارەیان دەستبکەوێت.