گۆنول دیلان لەسەر ئەسپ خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و بریندار دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

گۆنول دیلان، هونەرمەندی کورد، نوێترین ڤیدیۆکلیپی بڵاوکردەوە و لە کاتی وێنەگرتنی ڤیدیۆکلیپەکەدا، خۆی لەسەر ئەسپ هەڵداوەتە خوارەوە و برینەکەی سووکە.
 
گۆنول دیلان، بە رووداوی راگەیاند، لە کاتی وێنەگرتنی نوێترین ڤیدیۆکلیپی بەناوی "تە ژ من خێرە" لە گوندی کیوەخی مێردینی باکووری کوردستان، کۆنترۆڵی ئەسپسواریی لەدەستداوە و خۆی هەڵداوەتە سەر زەوی و برینی سووکە.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەو خۆی ئەسپسوارێکی لێهاتووە و لە منداڵییەوە ئەسپسواری دەکات، تەنانەت ئەسپی تایبەت بە خۆی هەیە و بەردەوام راهێنان دەکات، بەڵام بۆ ڤیدیۆکلیپەکە ئەو ئەسپەیان بەکرێ هێنابوو و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نەبوو، کە زانی ئەسپەکە ناوەستێت و ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە، خۆی لەسەر ئەسپەکە هەڵداوەوەتە سەر زەوی.
 
کاتێک ئەسپەکە ناوەستێت و بەرەو بەرزایی رادەکات، وێنەگری ڤیدیۆکلیپەکە بە درۆن دیمەنەکە وێنەدەگرێت، دواتر هونەرمەند وێنەی برینی قاچ و رووخساری بە مۆبایلەکەی گرتووە و بۆ رووداوی ناردووە.
 
گۆرانیی "تە ژ من خێرە" لە تێکست و ئاوازی هۆزان سەروانە و هاکان ئاکای کاری میوزیکی بۆ کردووە، کاری دەرهێنانی ڤیدیۆکلیپ لەلایەن ئیبراهیم چەلیک کراوە و لە کەناڵی تایبەتی گۆنول دیلان لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.
 
گۆنول دیلان، خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستانە و لە ئیستەنبووڵ ژیاوە، لەبارەی کار و پڕۆژەی دیکەی هونەریی، گوتی، کار لەسەر دوو بەرهەمی نوێ دەکات، یەکێکیان بەرهەمێکی هەڵپەڕکێیە و دووەمیان گۆرانییەکە لەبارەی کوشتنی کچێکی هەشت ساڵانە لە ئامەد کە بەشێک لە ئەندامانی ماڵباتەکەی بە کوشتنی تۆمەتبارکراون. 
 
دیلان، لە بسملی سەر بە ئامەدەی باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە زانکۆی ئیستەنبووڵ دەنگ و ئامێری سازی خوێندووە. لە تەمەنی 16 ساڵیدا یەکەم ئەلبوومی خۆی بڵاوکردووەتەوە و وەک ئەکتەر لە فیلمدا رۆڵیگێڕاوە.