لە هەولێر نمایشی 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ستافی شانۆگەری 'دوا رۆژەکانی بابلۆ' لە دەرهێنانی شوان کەریم، لە دوای پشوودانێکی چوار رۆژە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 21-7-2022 نمایشەکانی دەستپێبکاتەوە و پێشوازی لە هۆگرانی شانۆ بکات.
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' رۆژانە کاژێر 6:00ـی ئێوارە، لە هۆڵی میدیا لە هەولێر نمایشدەکرێت و یەکەم نمایشی لە هەولێر لە 15-6-2022 بوو، ئەمەش لە دوای ئەوەی بۆ ماوەی 55 رۆژ لە سلێمانی نمایشکرا و زیاتر لە 26 هەزار بینەری هەبوو.
سۆران عوسمان، بەرهەمهێنەری شانۆگەرییەکە بە رووداوی راگەیاند، لە دوای پشوودانێکی ستافی شانۆگەرییەکە، لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو نمایشی شانۆگەرییەکە دەستپێدەکاتەوە.
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' بەرهەمێکی شانۆیی کۆمێدی و میوزیک ئامێزە، کۆمپانیای سۆ مارکێتینگ بەرهەمهێنەرینە و لاوک ئەبوبەکر وەک یاریدەدەری دەرهێنەر کاری بۆ دەکات، رێشان حەمۆ، رووبار خالید، سۆران ئەکرەم، تاهیر عەبدولواحید و هەنار کامەران و ژمارەیەک ئەکتەری دیکە رۆڵی تێدا دەگێڕن، تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی نمایشەکەیەتی لە هەولێر.
'دوا رۆژەکانی بابلۆ' باس لە چیرۆکی بابلۆی دەوڵەمەند و بەناوبانگ دەکات، بەیانییەک بە سەردانێکی چاوەڕوان نەکراوی یەکێک لە کارمەندەکانی لە خەو هەڵدەستێ، ئەمەش دەستپێکی رۆژێکی دەبێت کە سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت، لە پاڵ چیرۆکی بابلۆ، چیرۆکی عاشقبوونی کچەکەی و شوفێرە تایبەتەکەی هەیە.
شوان کەریم، لە 1991ـەوە لە بواری شانۆدا کاردەکات، لە 1994ـەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و لە زانکۆی هانۆڤەر هونەری شانۆی خوێندووە، ئەندامی گرووپە شانۆییەکانی 'نامۆ'، 'هانۆڤەر 98، 'ئیمپرۆکۆکن' و 'سکێچ' بووە، لە زیاتر لە 50 بەرهەمی شانۆیی وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەشداربووە.
لە بەرهەمە شانۆییەکانی ئەو شانۆکارە کوردە وەک نووسەر و دەرهێنەر، 'کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی'، 'شەوی نیشتمانی'، 'ساڵی سفر'، 'هەمیشە یەکێک جێمان دێڵێت'، 'گەر بڕیارە نمرین' و 'سەرەتا زۆر سەرەتا'، جگە لەم بەرهەمانەی کە بە کوردین، شەش بەرهەمی دیکەی شانۆیی بە زمانی ئەڵمانی هەیە و نووسەری رۆمانێکیشە.