تۆم کروز ژمارەیەکی پێوانەیی بۆ کۆمپانیای پارامۆنت تۆماردەکات
رووداو دیجیتاڵ
تۆم کروز، ئەکتەری ئەمریکی، لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'Top Gun: Maverick' ژمارەی پێوانەیی بۆ کۆمپانیای پارامۆنتی بەرهەمهێنەری فیلمەکە تۆمار دەکات.
داهاتی ئەم بەرهەمە سینەماییە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی تێپەڕکردووە و یەکەمجارە بەرهەمێکی سینەمایی ئەو کۆمپانیاییە ئەو داهاتە زۆرە بەدەستبێنێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە لە دەرهێنانی جۆزێڤ کەسینسکییە و لە 27-5-2022 لە سینەماکانی جیهاندا نمایشکرا و لە 19-5-2022 لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان پێشاندرا و تۆم کروز ئەکتەری سەرەکیی فیلمەکە، لە فیستیڤاڵەکە ئامادەبوو و خەڵاتکرا.
'Top Gun' فیلمێکی دراما و ئەکشنی ئەمریکییە، یەکەم بەشی لە 1986 بڵاوکرایەوە، دەرهێنەری تۆنی سکۆت و بەرهەمی کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرزە، بودجەی بەرهەمهێنانی 15 ملیۆن دۆلار بوو و داهاتی لە سینەماکانی جیهاندا 356 ملیۆن دۆلار بوو.
کروز، رۆڵی ماڤێریک ئەفسەری هێزی دەریایی دەگێڕێت، کە فڕۆکەوانێکی دەریاییە و لەناو کەشتی فڕۆکەهەڵگری (USS) کاردەکات.
تۆم کروز، لە 3-7-1962 لە دایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ئەمریکییە، بە یەکێک لە گرانترین ئەکتەرەکانی جیهان دەناسرێت لە رووی وەرگرتنی کرێی بەشداربوونی لە پڕۆژە سینەماییەکاندا.
کروز، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و بەربژێری چوار خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی ئۆسکارە، فیلمەکانی زیاتر لە چوار ملیار دۆلاری لە سینەماکانی ئەمریکای باکوور و زیاتر لە 10.1 ملیار دۆلار لە سینەماکانی جیهاندا بەدەستهێناوە.
ئەو ئەکتەرە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، رووی لە سینەما کردووە و رۆڵی پاڵەوانیەتی لە چەندین فیلمدا گێڕاوە، لەوانە فیلمی کۆمێدی 'Business' لە 1986، فیلمی 'The Color of Money'لە 1986 و فیلمی 'Born on the 4th of July' لە 1988.