ئایشواریا رای لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدارە

رووداو دیجیتاڵ

ئایشواریا رای، ئەکتەری هیندی و شاجوانی پێشووی جیهان، لە 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان بەشدارە و بە جلێکی شاهانە لەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵ دەرکەوت.
 
ئەو خانمە ئەکتەرە، لەگەڵ هاوژینەکەی ئەبیشێک باچان و کچەکەیان ئاردایا باچان لە فێستیڤاڵەکە ئامادەبوو.
 
لە خولی ئەمساڵی فێستیڤاڵەکەدا هیندستان میوانی شانازییە، جگە لە ئایشواریا رای، ژمارەیەکی بەرچاو لە فیلمسازانی هیندستان بەشدارن، لەوانە دیپیکا پادوکۆن، تامانا بهاتیا و شیخار کاپوور.
 
ئایشواریا رای باچان، ئەکتەری هیندی و سینەمای بۆلیوود، لە 1994 وەک شاجوانی جیهان هەڵبژێردرا، لە دوای دەرکەوتنی لە فیلمە سینەماییەکاندا، بە یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی وڵاتەکەی ناسێندرا و ناوبانگییەکی جیهانیی پەیداکرد.
 
ئایشواریا رای، کاتێک خوێندکاری کۆلێژ بووە، وەک مۆدێل کاری کردووە، دواتر لە چەند ریکلامێکی تەلەڤزیۆنی دەرکەوتووە، دواتر بەشداری لە پێشبڕکێی شاجوانیدا کردووە و توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت، دواتریش پلەی یەکەم.
 
لەدوای هەڵبژاردنی وەک شاجوانی جیهان، کار و پڕۆژەی سینەمایی بە روویدا کرانەوە، لە 1997 لە یەکەم فیلمیدا بەناوی 'Iruvar' بەشداربوو و لە هەمان ساڵدا بەشداری لە فیلمی 'Aur Pyaar Ho Gaya'ـدا کرد.
 
یەکەم فیلمی بەهێزی ئەو ئەکتەرە لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە، فیلمی رۆمانسی 'Jeans' بوو و لەو ساڵەدا وەک گرانترین فیلم لە هیندستان ناسێندرا.
 
لە 2007 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەبیشێک باچان پێکهێنا و کچێکیان هەی،  لە چەندین کاری خێرخوازیدا بەشداربووە و باڵیۆزی نیازپاکی بۆ بەرنامەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ نەخۆشی ئایدز. 
 
بە نمایشکردنی فیلمی کۆمێدی 'Final Cut' چالاکییەکانی 75مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان رۆژی سێشەممە 17-5-2022، لە شاری کانی باشووری فەرەنسا دەستیپێکرد و چالاکییەکانی تاوەکو 28 ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
'Final Cut' فیلمێکی فەرەنسییە و لە دەرهێنانی میشێل هازێناڤیسیۆسە و بە بودجەیەکی کەم بەرهەمهاتووە و لە جۆری بەرهەمە کۆمێدییەکانە و لە دەرەوەی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵ پێشاندرا.
  
چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژمارەیەک فیلمساز دەکات کە سەرقاڵی وێنەگرتنی فیلمێکن لەبارەی زۆمبییەکان، بەڵام لە کاتی وێنەگرتندا، زۆمبی راستەقینەیان لێ پەیدا دەبێت و هێرشیان دەکرێتە سەر.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە کۆپی فەرەنسی فیلمی ژاپۆنی 'One cut of the dead'یە و پێشتر بەرهەمهاتووە و دەنگدانەوەی هەبووە.
 
هەر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی شانازیی چڵەبەڕووی زێڕینی بە فۆڕێست وێتیکەر، ئەکتەری ئەمریکی بەخشرا، وەک رێزلێنانێک لە کار و بەرهەمە سینەماییەکانی.
 
وێتیکەر، لە 15-7-1961 لە ئەمریکا دایکبووە، جگە لە ئەکتەری، بەرهەمهێنەر، دەرهێنەر و چالاکڤانە، براوەی چەندین خەڵاتی سینەماییە، لەوانە، ئۆسکار، گۆڵدن گڵۆب و دوو خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە.
 
ئەو سینەکارە جگە لە کاری سینەمایی، بە کاری مرۆیی ناسراوە، لە 2011 وەک باڵیۆزی نیازپاکی لەلایەن رێکخراوی یونسکۆ دەستنیشانکرا، دواتر پلەی بۆ نێردەی تایبەت بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی بەرزکرایەوە.
 
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم کان لە 2020 و سازکردنی لە ساڵی دواتر، بە لەبەرچاوگرتنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ 75مین خولی بەشێوەی ئاسایی خۆی بەڕێوە دەچێت.
 
ژمارەی هونەرمەندان و سینەماکارانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا ئامادە دەبن، بە بەراورد بە سێ ساڵی رابردووە، زیاترە.
 
بڕیارە فیلمی بایۆگرافی و میوزیکی 'Elvis' یەکەم پێشاندانی لە چوارچێوەی فیستیڤاڵەکەدا بێت و باز لۆرمان، دەرهێنەر و بەرهەمهێنەری ئۆسترالی لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی لە کاتی پێشاندانی فیلمەکە ئامادە دەبن.
 
ئەم بەرهەمە سینەماییە تیشک دەخاتە سەر ژیان و کارە هونەرییەکانی ئێلڤیس پریسلی، گۆرانیبێژی ئەمریکی، تێیدا تۆم هانکس، ئەکتەری ئەمریکی، رۆڵی بەڕێوبەری کارەکانی دەگێڕێت کە پەیوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوانیاندا هەبووە.
 
یەکێک لە فیلمە بەهێزەکانی ئەمساڵ لە فیستیڤاڵەکەدا پێشاندار، نوێترین بەشی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Top Gun'ـە کە بەناوی 'Top Gun: Maverick'ـە و بەشێک لە ستافی فیلمەکە بەسەر فەرشی سووری فیستیڤاڵدا تێپەڕین، لەوانە تۆم کروز، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە و دەرهێنەرەکەی جۆزێڤ کەسینسکی.
 
کۆسینسکی، پێشتر رایگەیاندبوو "خەونی هەموو دەرهێنەرێک ئەوەیە رۆژێک بتوانێت بچێتە کان".
 
هەر لە فیستیڤاڵەکەدا فیلمێکی دیکەی هۆلیوود پێشاندەدرێت، ئەویش فیلمی سینەمایی 'Thee Thousand Years of Longing'یە لە دەرهێنانی جۆرج میلەر و لە رۆڵگێرانی ئیدریس ئێلبا.
 
لە خولی ئەمساڵدا، بەخشینی خەڵاتەکانی فیستیڤاڵ لەسەر سکرینە گەورەکانی فیستیڤاڵ بەشێوەی راستەوخۆ، پەخش ناکرێن، بە پێچەوانەی ساڵانی پێشوو کە پەخشی راستەوخۆی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکان لەو سکرینانە پەخش دەکرا.
 
ڤێنسنت لەندەن، ئەکتەری فەرەنسی، سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە دەکات و لەم خولەدا پێنج دەرهێنەری ژن لە پێشبڕکێدان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵ کە چڵەبەڕووی زێڕینە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە فیلمی پێنج دەرهێنەری ژن بچنە نێو پێشبڕکێی سەرەکیی فیلمە سینەماییەکاندا.
 
سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە ئاشکرایان کردووە، لە خولی ئەمساڵدا بەکارهێنانی دەمامک ناچاری نابێت و بەڵگەی وەرگرتنی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کەس داوا ناکرێت.
 
لە 74مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان کە لە 2021 بەڕێوەچوو، جگە لە داواکردنی وەرگرتنی ڤاکسین و بەکارهێنانی دەمامک، ماچکردنیش لەسەر فەرشی سوور قەدەخکرابوو.
 
سەبارەت بە بەشداری رووسیا لە فیستیڤاڵەکەدا، ئەو سینەماکارانەی پەیوەندیان بە حکومەتی ئەو وڵاتەوە هەیە، ناتوانن لە فیستیڤاڵەکەدا بەشدار بن، لە بەرامبەردا، چەند فیلمێکی دەرهێنەرە ئۆکراینییەکان پێشاندەدرێن.
 
فیستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
 
کان، بە یەکێک لە سێ فیستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، وب یەکێک لە پێنج گرنگترین فیستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.
 
فیستیڤاڵەکە چەندین بەش لەخۆدەگرێت، لەوانە بەشی پێشبڕکێ و هەفتەی رەخنەگران و چەندین خەڵاتیش دەبەخشێتە فیلم و فیلمسازان، خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵیش چڵەخورمای زێڕینە.
 
سینەمەکارانی کورد بە فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵەکەدا بەشداربوونە، بەڵام تەنیا یەڵماز گونەی، دەرهێنەری کورد، لە 1982 توانی ببێتە براوی خەڵاتی چڵەخورمای زێڕین.
 
هەروەها شەهرام عەلیدی، دەرهێنەری کورد، پێشتر لەرێگەی فیلمی سینەمایی 'سرتە لەگەڵ با' لەبارەی کارەساتی ئەنفال، سێ خەڵاتی لە بەشی رەخنەگران لە فیستیڤاڵەکەدا بەدەستهێنا.