هاوەڵی شاجوانی كوردستان: دەمەوێ ببمە بازرگان
رووداو – هەولێر
لە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی 2018ی كوردستان ناسناوی هاوەڵی یەكەمی شاجوانی وەرگرت، لە سۆشیالمیدیا خەڵكێك پێیانوابوو كە ئەو شایستەی ناسناوەكەیە و دەبوایە ئەو ببێتە شاجوان. خانەوادەی كارێز بەرزنجی خەڵكی سلێمانین، بەڵام خۆی لە هەولێر لە دایکبووەو گەورەبووە، كارێز لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی پرۆژەكانی و حەز و خولیای خۆی دەكات و دەڵێت "دەمەوێ ببمە بازرگانێكی سەركەوتوو".
رووداو: ئامانجت چی بوو لە بەشداریكردنت لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی شاجوانی كوردستان؟
كارێز بەرزنجی: مەبەستم بوو وەك ئافرەتێكی بەهێزی كورد دەربكەوم، هەروەها بەهۆی ناسناوەكەوە چەندین پڕۆژەم ئامادە كردبوو، بەتایبەتی بۆ منداڵان، ئێستاش پڕۆژەكانم دەستپێكردووە. دەمەوێت لە پڕۆژەكانم وەك هاوەڵی شاجوانی كوردستان بەردەوام بم و هاوكاری منداڵانی بێسەرپەرشت بكەم.
رووداو: ماوەی چەند مانگێكە ناسناوی هاوەڵی یەكەمی شاجوانی كوردستانت هەیە، هیچ پڕۆژەیەكت هەبووە؟
كارێز بەرزنجی: بەڵێ، لە چەند رۆژی رابردوو لە شاری هەولێر، بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەك پڕۆژەی هاوكاریكردنی منداڵانی بێسەرپەرشتم راگەیاند. دیاری تایبەتمان پێشكەشكردن و ئاهەنگێكی بچووكیشمان بۆ رێكخستن.
رووداو: دیاری و هاوكارییەكانی پێشكەشی منداڵان كران چی بوون؟ چەند منداڵ لێی سوودمەند بوون؟
كارێز بەرزنجی: جلوبەرگ بوون، هەروەها ئاهەنگێكی بچووكمان بۆ سازكردن و گۆرانیمان بۆ گوتن، 50 منداڵ لێی سوودمەند بوون، كە لە خانەی بێسەرپەرشتانی هەولێر بوون، من دەمەوێت كارەكانم زیاتر لە بواری منداڵان بێت.
رووداو: خەڵكی هەولێری یان سلێمانی؟
كارێز بەرزنجی: دایكم و باوكم خەڵكی سلێمانین، بەڵام لە هەولێر لە دایكبووم و هەر لە هەولێریش گەورە بووم.
رووداو: لە سۆشیالمیدیا هێرشێكی زۆرت كراوەتە سەر، تەنانەت چەند ڤیدیۆیەكیش بڵاوكراونەتەوە گوایە وێنەی تۆن، تۆ چی دەڵێی سەبارەت بەم هێرشانە؟
كارێز بەرزنجی: بەداخەوە، ئەم ڤیدیۆیانە من نیم، من هیچم بۆ ئەو كەسانە نییە كە هێرش دەكەنە سەرم لە سۆشیالمیدیا، تەنیا پێیاندەڵێم كە من لە هێرشەكانیان ناترسم و بەردەوام دەبم. ئەوانەی لە سۆشیالمیدیا هێرشدەكەنە سەرم كەسانێكن لە ئاستێكی نزمدان، من نامەوێت بێمە ئاستی ئەوان، بەر لەوەی ببمە شاجوان و بێمە نێو پرۆسەكەش، خۆم بۆ ئەم جۆرە هێرشانە ئامادەكردبوو.
رووداو: چیت خوێندووە؟ حەز دەكەی لە داهاتوو ببیتە چی؟
كارێز بەرزنجی: من قوتابی دواقۆناخی ئامادەییم، حەزم دەكەم لە داهاتوودا لە بواری بازرگانی بخوێنم و ببمە خانمە بازرگانێكی كوردی سەركەوتوو.
رووداو: دەگوترێت زۆر نەشتەرگەری جوانكاریت كردووە و بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێ؟
كارێز بەرزنجی: نەخێر، نەشتەرگەریم نەكردووە، تەنیا فیلەرم بۆ لێوم كردووە.
رووداو: خۆت بە شایەنی ناسناوی شاجوانی كوردستان دەزانی؟ چونكە بەشێك لە خەڵك لە سۆشیالمیدیا دەیانگوت كارێز شایەنی ناسناوەكەیە؟
كارێز بەرزنجی: من زۆر سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە پاڵپشتی من بوون و منیان بە شایەنی ناسناوەكە دەزانی، منیش خۆم بە شایەنی ناسناوەكە دەزانی و شایەنی ئەوە بووم كە ببمە شاجوانی كوردستان.
رووداو: بەنیازی بەشداری رێوڕەسمی شاجوانی عێراق و دواتریش شاجوانە جیهانییەكان بكەیت؟
كارێز بەرزنجی: بەڵێ، بەنیازم، دەمەوێ بەشداری رێوڕەسمی شاجوانی عێراق و شاجوانە جیهانییەكانیش بكەم.
رووداو: یەكێك لە مەرجەكانی هەڵبژاردنی شاجوانی جیهان دەركەوتنە بە جلوبەرگی سەر دەریا، تۆ ئەم ئامادەییەت تێدایە؟
كارێز بەرزنجی: نا، بە جلوبەرگی سەر دەریا دەرناكەوم.
رووداو: بەردەوام ڤیدیۆ و سناپی خۆت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكەیتەوە، ژمارەیەكی زۆری هەواداریشت هەن، ئەو نامانەی پێت دەگەن باسی چی دەكەن؟
كارێز بەرزنجی: زۆرینەی نامەكان دەستخۆشی و هیوای سەركەوتنن، من لەم رووەوە سوپاسیان دەكەم، هەوادارانم پاڵپشت و پشتگیری منن.
رووداو: لە سۆشیالمیدیا داوای پەیوەندیت لێ ناكەن؟
كارێز بەرزنجی: (بەپێكەنینەوە)، بەڵێ داوای هاوسەرگیریش دەكەن، بەڵام جارێ پلانی شووكردنم نییە.
رووداو: كابانێكی چۆنی؟
كارێز بەرزنجی: باش نیم.