گەشتە هونەرییەکەی سێلین دیۆن لە ئەمریکا هەڵوەشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێلین دیۆن، هونەرمەندی کەنەدی، کۆنسێرتەکانی دوایین گەشتی هونەریی بەهۆی باری تەندروستی و هۆشداری پزیشکەکان بۆی، هەڵوەشاندەوە.
دیۆن، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی لە ئینستگرام رایگەیاندووە، هیوای ئەوەی دەخواست ئەو باش بوایە، بەڵام ناچارە رەچاوی ئەو سیستەمە بکات کە پزیشکەکانی بۆیان دیاریکردووە.
لە مانگی تشرینی یەکەمی 2021ـەوە، دیۆن کێشەی تەندروستیی بۆ دروستبووە و بەهۆیەوە ناچار بوو گەشتە هونەرییەکەی لە لاس ڤێگەس هەڵبوەشێنێتەوە.
بڕیاربوو گەشتە هونەرییەکەی ئەو گۆرانیبێژە لە 9-3-2022 لە دینڤەر دەستپێبکات و لە 22-4-2022 لە واشنتن لە ئەمریکا کۆتایی بێت.
هەرچەند گەشتە هونەرییەکەی سێلین دیۆن لە ئەمریکا هەڵوەشایەوە، بەڵام گەشتە هونەرییەکەی لە ئەوروپا بڕیاری هەڵوەشانەوەی نەدراوە کە یەکەم کۆنسێرتی لە 25-5-2022 لە بەریتانیا دەستپێدەکات.
سێلین دیۆن، ناوی تەواوی سێلین ماری کلاودێت دیۆنە، لە 30-3-1968 لە کەنەدا لە دایکبووە، باوکی بە رەچەڵەک فەرنسییە و دایکیشی ئیتاڵییە، وەک گۆرانیبێژێکی جیهانی ناسراوە و بە شێوازی پۆپ، دانس، ئاڕ ئەند بی، پۆپ رۆک و سۆفت رۆک گۆرانی دەڵێت.
جگە لە گۆرانیگوتن، تێکستی بۆ گۆرانییەکانی خۆی و بەشێک لە هونەرمەندانی دیکەی جیهانی ئامادەکردووە و زیاتر لە 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون.
'Ce N'était Qu'un Rêve' ناوی یەکەم گۆرانی ئەو گۆرانیبێژەیە کە لە تەمەنی 12 ساڵیدا بە زمانی فەرەنسی بڵاویکردەوە و دایک، باوک و براکەی هاوکاری بوون.
لە 1983 لەرێگەی یەکەم ئەلبوومی گۆرانیی بەناوی 'D'amour ou d'amitié' توانی خەڵاتی Félix Award لە کەنەدا بەدەستبێنێت، ئەوکات تەمەنی 15 ساڵ بوو.
لە دوای دوو ساڵ فێربوونی زمانی ئینگلیزی، لە 1991 یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بەو زمانە بەناوی 'Unison' بڵاوکردەوە.
لە 1997، لەرێگەی گۆرانییە بەناوبانگەکەی بۆ فیلمی سینەمایی 'Titanic'، توانی خەڵاتی گۆڵدن گلۆب بەدەستبێنێت، هەر لەو ساڵەدا، ئەستێرەیەکی لە شۆستەی ناوداران لە هۆلیوود پێبەخشرا.
ئەو هونەرمەندە 15 ئەلبوومی گۆرانی بە زمانی فەرەنسی و 12 ئەلبوومی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە، لە بواری سینەمادا گۆرانی بۆ چەندین فیلم گوتووە.