ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان جیابوونەتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

بەم دواییە چەند جارێک لە بەشێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، باس لە جیابوونەوەی هەردوو ئەستێرەی سینەمای بۆلیوود، ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان دەکرێت، ئەوان بە فەرمی باسی جیابوونەوەی خۆیان نەکردووە، ئەی چی وایکردووە باس لە جیابوونەوەیان بکرێت؟
 
نوێترین دەرکەوتنی ئایشواریا رای لەگەڵ کچەکەی ئارادهیا لە کاتی دابەشکردنی خەڵاتەکانی "SIIMA 2024" بوو لە دوبەی، ئەو بەبێ هاوژینەکەی و بەبێ ئەڵقەی پەنجەی بینرا، ئەمەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پڕ لە وێنە و ڤیدیۆی ئەو ئەکتەرە کرد، گوایە لەبەر ئەوەی بەبێ هاوژینەکەی و بەبێ ئەڵقەی هاوژینی لە پەنجەیدا دەرکەوتووە، واتە کۆتایی بە پەیوەندی نێوانیان هاتووە.
 
لەو رێوڕەسمەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن بە ئایشواریا رای بەخشرا بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی "Ponniyin Selvan 2". لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەو ئەکتەرە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خەڵاتەکە بۆ ئەو زۆر دەگەیێنێت، چونکە فیلمێکە زۆر لە دڵییەوە نزیکە.
 
هۆگرانی ئەو دوو هونەرمەندە، تەنیا ئەوەیان نەکردووەتە بەڵگەیەک بۆ جیابوونەوەیان، بەڵکو بەم دواییە ئابشیک باچانیش بە تەنیا دەرکەوتووە و ئەڵقەی لە پەنجدا نەبووە.
 
بەڵگەی لەو بەهێزتر کە هەوادارانیان دەیهێننەوە، ئامادەبوونی بە جیای ئەو دوو ئەستێرەیە بوو لە ئاهەنگی هاوژینی ئانانت ئامبانی، بازرگانی هیندی لە تەمموزی ئەمساڵدا.
 
دەرکەوتنی ئەو دوو ئەکتەرە بە تەنیا و بەبێ ئەڵقەی دەستیان، دوای چەند هەفتەیەک لە دەنگۆی جیابوونەوەی ئەو دوو ئەکتەرە دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ شتێکیان لەمبارەیەوە رانەگەیاندووە.
 
ئەبهیشێک باچان، پێشتر لایکی پۆستێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووە کە باس لە جیابوونەوە دەکات، ئەوانەی بەدواداچوون بۆ ئەو مژارە دەکەن، بە بەڵگەیەکی دیکەی جیابوونەوەی ئەو دوو ئەستێرەیە دەخەنەڕوو.
 
هەرچەند ڤیدیۆیەکی باچان بڵاوکرایەوە کە باسی لە جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی دەکرد، بەڵام هەر زوو ئەو ئەکتەرە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ڤیدیۆکە دوورە لە راستی و بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.
 
ئایشواریا رای و ئەبهیشێک باچان لە 2007 ژیانی هاوژینییان پێکهێنا و لە 2011 کچەکەیان لەدایکبوو، ئەوان بەردەوام ژیانی تایبەتی خۆیان لە میدیا و هەوادارانیان دوورخستووەتەوە.
 
ئایشواریا رای، لە 1ـی تشرینی دووەمی 1973 لە هیندستان لەدایکبووە، لە 1994 وەک شاجوانی جیهان هەڵبژێردراوە، دواتر بووەتە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی هیندستان، ناوی لە لیستی سەت کاریگەرترین کەسایەتی جیهاندا هاتووە و چەندین خەڵات، میدالیا و نازناوی لە جیهاندا پێبەخشراوە، میدیاکانی جیهان زیاتر نازناوی "جوانترین ژن لە جیهاندا"یان بۆ بەکارهێناوە. لە چەندین بەرهەمی سینەماییدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بووەتە یەکێک لە ئەستێرە سینەماییەکانی بۆلیوود و جیهان.  
 
ئەبهیشێک باچان، لە 5ـی شوباتی 1976 لە هیندستان لەدایکبووە، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری فیلمە، کوڕی ئەمیتاب باچان، ئەکتەری ناسراوی سینەماییە، یەکەم دەرکەوتنی وەک ئەکتەر لە سینەمادا، لە رێگەی فیلمی "Refugee"ـە بووە لە 2000، لە چەندین فیلمی دیکەدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە، بەهۆیەوەی چەندین خەڵات و نازناوی بەدەستهێناوە.