ئاگرین دڵشاد دەبێتە ئەندامی 'ریکۆردینگ ئەکادیمی'

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بڵاوکردنەوەی دوو ئەلبوومی گۆرانی و وەرگرتنی چەند خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی لە بواری میوزیک دا، هونەرمەند ئاگرین دڵشاد دەبێتە ئەندامی 'ریکۆردینگ ئەکادیمی'، ئەو دەزگایەی بەرپرسە لە دابەشکردنی خەڵاتەکانی گرامی.
 
ئەو هونەرمەندە یەکێک لەو سێ هەزار و 700 هونەرمەندە جیهانیانەیە کە ئەمساڵ ئەندامەتییان بە دەستهێنا، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی 'ریکۆردینگ ئەکادیمی' لە هەمەڕەنگکردنی رەگەزی بۆ ئەندامەکانی ئەو دەزگایە.
 
ئاگرین دڵشاد، دەڵێت: ''خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئێستا بووم بە ئەندامی ریکۆردینگ ئەکادیمی، ئەو ئەکادیمیایەی ساڵانە خەڵاتی گرامی دابەش دەکات. ئەمرۆ رۆژێکی خۆشە بۆ من''.
 
هونەرمەند خاوەنی دوو ئەلبوومی گۆرانییە، یەکەمیان بە ناوی 'تێناگەی' کە لە 2019 بڵاوکرایەوە و 12 تراک لەخۆدەگرێت و ئەلبوومی 'رەنگار' لە 2021 بڵاوکرایەوە و 10 تراک لەخۆدەگرێت.
 
ریکۆردینگ ئەکادیمی 12 بەش بە خۆیەوە دەگرێت، هەر یەکەیان بە شارێکی ئەمریکا ناو کراوە و ئەندامان دەتوانن لە رێگەی بەشەکانیان گۆڕانکاری دروست بکەن بۆ گەشەکردن لە بواری میوزیک لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
 
ئاگرین دڵشاد لە بەشی 'ناشڤیڵ'ـە کە هەمان بەشی هونەرمەندانی ناسراوی جیهانن وەک تەیلەر سویفت، بلاک کیس، ئەنتۆنی هامڵتن و سەدان میوزیکژەن و هونەرمەندی دیکە.
 
ناشڤیڵ، شارێکی ناسراوە بە جوڵەی میوزیک و ستۆدیۆی گەورەی تۆمارکردنی دەنگی لە ئەمریکا، هەروەها وەکو دەستە خوشکی شاری هەولێر راگەیەندراوە.