كوردێك جلوبەرگی ئەكتەرانی عەرەب دیزاین دەكات

رووداو- رۆژئاوای کوردستان

بەهۆی دیزاینە نایابەكانییەوە كلتووری كوردی لە قامشلۆوە گەیاندە دیمەشق و لەوێش گواستییەوە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان، ئەویش لە رێگەی ئەو درامایانەی كە زۆربەی خێزانە عەرەبەكان و تەنانەت كوردەكانیش پێكەوە كۆدەكەنەوە.

حیكمەت داود، دیزاینەرێكی كوردە، تاوەكو ئێستا دیزاینی جلوبەرگی بۆ ئەكتەرانی چەندین درامای عەرەبی كردووە، كە دیارترینیان درامای سووری (باب الحارە)یە. بەهۆی كارەكانییەوە تاوەكو ئێستا چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدەستهێناوە.

حیكمەت داود لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) باسی گرنگی پۆشاك دەكات و دەڵێت “پۆشاك تەنیا پێویستییەكی كۆمەڵایەتی و مۆراڵی نەبووە، بەڵكو پێشتریش و ئێستاش رەنگدانەوەی رۆشنبیری و پێویستییەكی مرۆیی پەتی بووە”. بەبڕوای ئەو دیزاینەرە كوردە، مرۆڤ لەڕێی جلوبەرگەوە رایدەگەیەنێ سەر بە چ ژینگەیەكە و سەر بە چ شوێن و سەردەم و رۆشنبیرییەكە.

حیكمەت داود لە 1/1/1956 لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان لە دایكبووە، بەهۆی كارەكانی تاوەكو ئێستا نزیكەی 10 بڕوانامەی رێزلێنانی پێبەخشراوە.

نەتەوەی كوردیش وەك هەر نەتەوەیەكی دیكەی ئەو سەر زەمینە خاوەنی جلوبەرگی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام بە دیزاینی جیاوازەوە. حیكمەت داود، پێیوایە جلی كوردی هەمیشە بە رواڵەتێكی جوان دەركەوتووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە “دەوڵەمەندی كوردستان لەسەر رووبەرە فراوانەكەی و هەمەڕەنگی جوگرافیاكەی و ژینگەكەی كە زیاتر لە كەرنەڤاڵێكی رەنگەكان دەچێ، وایكردووە بە درێژایی مێژوو جلوبەرگی كوردی بە رواڵەتێكی جوان دەركەوێ و رەنگاوڕەنگییەكیشی پێببەخشێ كە بەرهەمی ئەو سروشتە قەشەنگەیە".

جلی كوردی (پیاوان و ژنان) پتر جلێكی داپۆشراوە، ئەو دیزاینەرە كوردە پێیوایە “شێوازی داپۆشراویی جلوبەرگی كوردی بەرهەمی ژیانە سادەكەی كوردە و گرێدراوی پێكەوەژیان و هارمۆنیایەكی ژیارییە كە بە دەگمەن لای گەلانی دیكەی دنیا دەبینرێ".

ژیانی شوانكارەیی، كە سیمایەكی دیاری كۆمەڵگەی كوردییە، بە بڕوای حیكمەت داود، ئەمە كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە بۆ سوود وەرگرتن لە چنراوی خوری، كە لە زۆربەی ناوچەكاندا هەیە و وای لە پیاوی كورد كردووە سوودی لێ ببینێ و بە كولتووری جلوبەرگییەوە ببەستێتەوە.

جلوبەرگ جگە لە پێویستی، زۆرجار رەهەندی ئاینیشی وەرگرتووە، وەك ئەوەی لای ئێزدییەكان باوە، ئەوان رەهەندێكی ئاینییان داوەتە جلوبەرگ و رەنگی جل كە پەیوەندییەكی پتەو بە میژوویەكی دوورەوە دروستدەكات، تەنانەت ژمارەی قەفەكانی پشتێن دەلالەتی پەیوەندی مرۆڤ بە خوداوە دەردەبڕێ. بۆیە حیكمەت دەڵێ “جلوبەرگی كوردی شێوازی جیاكەرەوەی لە پەیوەندی بە زەوی و سروشت و رەنگ و بەها و خوداوە دەردەكەوێ".

حیكمەت دێتە سەر باسكردنی كارەكەی، ئەویش دیزاینی جلوبەرگی ئەكتەری دراماكانە و دەڵێت “لە درامادا جلوبەرگ جیاوازە، چونكە تۆ كار لەسەر واقیعێكی شیمانەكراو دەكەی، پۆشاك وەك بەهایەكی هونەری بەكاردێنم تاوەكو وا لە بینەر بكات زیاتر لەو كەسایەتییە نزیكبێتەوە و باشتر تێیبگا كە دەمانەوێ لە زنجیرەكەدا بیخەینەڕوو".

حیكمەت دەڵێ لە كارەكەیدا رووبەڕووی زەحمەتی زۆر دەبێتەوە، چونكە “دەرخستنی بەها مۆراڵییەكان لە جلوبەرگدا ئەركێكی زۆر سەختە، كاتێك كەسایەتییەكی شەڕخواز، خێرخواز، دەوڵەمەند، یان هەژار پێشكەش دەكەی، دەبێ زۆر بە وردی ئەو قوماش و رەنگانە هەڵبژێری كە لەگەڵ كەسایەتییەكە دەگونجێن".

هەروەها دەڵێ، جلوبەرگ لای من تەنیا توێكڵێك نییە عەورەتی ئەكتەر داپۆشێ، بەڵكو “بەهایەكی هونەری و مۆراڵییە كە دەكرێ وەك رەنگدانەوەی رۆشنبیرییەك پێشكەشی خەڵك بكرێ".

ئەو ژینگەیەی كە حیكمەت تێیدا پەروەردە بووە، بەشێكی دانەبڕاوە لە كارە هونەرییەكانی. حیكمەت لەو بارەیەوە دەڵێت “من وەك كوردێك و رۆڵەیەكی شاری قامشلۆ یادەوەری منداڵیم كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر هەڵبژاردنی جلوبەرگی زنجیرە دراماكان هەبووە، چونكە شاری قامشلۆ هەمەجۆر ئەتنیك و نەتەوەی تێدایە، بۆیە لە جلوبەرگیشدا دەوڵەمەندە".

یەكێكە لە كارە دیارەكانی ئەو دیزاینەرە كوردە، دیزاینكردنی جلوبەرگی ئەكتەرەكانی زنجیرە درامای بابولحارەیە، كە لە كەناڵە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش پەخشكراوە و بینەرێكی زۆری هەبووە.

لەو زنجیرە درامایەدا جلوبەرگی ئەكتەرەكان زۆر لە جلوبەرگی كوردی نزیكە. حیكمەت داود هۆكاری ئەوەی روونكردەوەو گوتی “دیمەشق زۆر شارستانی بەسەردا هاتووە، ئەمەش لە رۆشنبیری جلوبەرگی خەڵكەكە دەركەوتووە و رەنگیداوەتەوە، بەتایبەت هەموو ئەوانەی لە پیشەی چنین و جۆڵایی و دروستكەرانی پڕۆكار و ئەغبانی و عەجەمی كاریاندەكرد كورد بوون، ئەو شتەش لە ئەدەبیات و مێژووی دیمەشقدا چەسپاوە، ئیدی سەیر نییە ئەو جلانە لە جلی كوردی بچن، كە چێژێكی جوانناسییان بە زنجیرەكە داوە و بینەریش خۆشی لەوە هاتووە".