پەیام عەزیزی کۆنسێرتێک لەگەڵ گرووپی هەزار دەف سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەیام عەزیزی، سروودبێژی ئایینیی کورد، بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپی هەزار داف، گرووپی نه‌وای ره‌حمه‌ت و گرووپی شاهۆی داڵاهۆ، لە دووەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی کوردستان، لە گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵەنگانی کامیاران، کۆنسێرتێک ساز دەکات.
پەیام عەزیزی سبەی هەینی 19ـی نیسانی 2024 لە سێ بەشی جیادا ده‌چێته سه‌ر شانۆ و بەشێک لە بەرهەمەکانی خۆی بە زمانی کوردی (سۆرانی و هەورامی)، فارسی، عەرەبی و تورکی پێشکێش دەکات، لەوانە؛ "یا ره‌سوله‌ڵڵا، یا شای مەدینە"، "ئه‌ڵڵا مه‌ده‌د"، "یار دەفەرموێت ئه‌ڵڵا" و "لەبهیک".
لە میانه‌ی دووەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای دێرینی کوردستاندا، هونەرمەندانی کورد و هونەرمەندانی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێران بەشدار دەبن و بەرهەمەکانیان پێشکێش دەکەن.
دووەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای که‌ونارا و دێرینی کوردستان بە پێشکێش‌کردنی به‌رنامه‌ی گرووپەکانی دهفژەنین له شارە جۆراوجۆره‌کانی ئێران و بە پاڵپشتیی لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی رێوڕه‌سمی هەزار ده‌فی پاڵەنگان ـ شارستانی کامیاران لە پارێزگای کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ڕێوڕەسمی هەزار ده‌ف، یەکێکە لە جوانترین بۆنه و داب و نەریتهکانی گوندی مێژوویی و گەشتیاریی پاڵهنگانە لە کامیاران، کە هه‌موو ساڵێک بە شێوازێکی تایبەت و بە ئامادەبوونی گەشتیارانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، لە پارێزگای کوردستان بەڕێوەدەچێت.
دیمەنی مێژوویی گوندەکە و پێکهاتەی پاک و ده‌ست لێنه‌دراوی پلیکانیی بیناکانی ئه‌م ئاواییه، وایکردووە پاڵەنگان ببێتە یەکێک لە شوێنەکانی سه‌ردانی گەشتیاریی میراتی جیهانیی هه‌ورامان و لایه‌نه سەرنجڕاکێشە مێژوویی و سروشتییەکانی ئەم گوندە؛ وەک بێشکه‌ی زانایان و ناوداران و شانەیەکی مێژوو لە سه‌ر ئاستی ناوچەکەدا، که‌م وێنه و ناوازەیە و لەگەڵ به‌ڕێوه‌بردنی ئەم بۆنه و رێوڕه‌سمه تایبەتانە، هەنگاوێکی گرنگی دیکە بە ئامانجی تۆمارکردنی جیهانیی ئەم گوندە دەگیرێتە بەر.
پەیام عەزیزی، دوو ساڵ بەسەریەکەوە پێشکێشکاری بەرنامەی "پاشیڤ"ـی تۆڕی میدیایی رووداو بووە و بەرهەمەکانی لە بەرنامەکەدا پێشکێشکردووە.