سارا ئارام: پڕۆژەیەكی جوانی نمایشكردنی ئاڵای كوردستانم ئامادەیە

رووداو – هەولێر

لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 كوردستانی جێهێشتووە. ساڵی 1995 لەو كاتەی كە تەمەنی تەنیا نۆ ساڵ بووە، گەیشتووەتە نیوزیلەند. ئێستا نمایشكارە و دەیەوێت بە ئاڵای كوردستانەوە وڵاتانی دونیا بگەڕێت، وەك خۆی دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە 20 وڵاتی دونیا بە ئاڵای كوردستانەوە گەڕاوە، بۆیە حەز دەكات بە كچی ئاڵا بناسرێ‌. سارا لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی كارەكانی خۆی دەكات.

رووداو: تا ئێستا چەند وڵات و چەند شار گەڕاویت بە ئاڵای كوردستانەوە؟

سارا ئارام: ماوەی چەند ساڵێكە، لەو كاتەوەی كە هەستم كرد وڵاتەكەم پێویستی بە پشتگیری هەموو تاكەكانی هەیە، بڕیارم دا ببمە كچی ئاڵا، یاخود نمایشكاری ئاڵا، ئەم جۆرە نمایشكارییە لە هەموو دونیا هەیە، زۆرن ئەو كەسانەی كە لە جیهاندا دەبنە نمایشكاری ئاڵا و نوێنەرایەتی وڵاتەكەی خۆیان دەكەن. من زیاتر لە 20 وڵات و دەیان شاری دونیا گەڕاوم و ئاڵای كوردستانم پۆشیوە.



رووداو: كێ هاوڕێی گەشتەكانتە؟

سارا ئارام: زیاتر هاوژین و كچەكەم هاوڕێیەتیم دەكەن.

رووداو: كاتێك سەردانی وڵاتێك دەكەیت، خەڵكی ئەو وڵاتانە چۆن پێشوازیت لێدەكەن؟

سارا ئارام: بابەتی نمایشكاری ئاڵا لە هەموو وڵاتێك هەیە، زۆرن ئەو نمایشكارانەی كە لە وڵاتەكەی خۆیان یان لە هەر وڵاتێك كە لێی دەژین و دەچنە وڵاتێكی دیكە ئاڵا دەپۆشن. خەڵك پێشوازیم لێدەكەن و وێنەم لەگەڵ دەگرن، هەندێكیان پرسیار دەكەن كە خەڵكی كامە وڵاتم، هەروەها پرسیاری ئەوەم لێدەكەن كە ئەمە ئاڵای كام وڵاتە؟



رووداو: پەیام و ئامانجت چییە لە گەڕان بە وڵاتانی دونیا بە ئاڵای كوردستانەوە؟

سارا ئارام: من مەبەستمە لە رێگەی پۆشین و پیشاندانی ئاڵاكەمەوە بە هەموو دونیا بڵێم كە خەڵكی لە هەر كوێیەكی جیهان بژین، هەمیشە شانازی بە رەچەڵەكی خۆیانەوە دەكەن و شانازی بەوەوە دەكەن كە لە كوێوە هاتوون و خەڵكی كوێن.

رووداو: كێن ئەوانەی كە پشتگیریی ئەم كارەت دەكەن؟

سارا ئارام: هەموو خێزانەكەم پشتگیریم دەكەن و هانم دەدەن كە لە كارەكەم بەردەوام بم، هەروەها چەندین میدیا و لاپەڕەكانی سۆشیالمیدیا، مەبەستم لاپەڕە كوردییەكانە، بە بەردەوامی پشتگیریم دەكەن، هەموو خێزانەكەشم زۆر پشتگیریم دەكەن، بە تایبەتی باوكم و هاوژینەكەم، دەمەوێت لێرەوە سوپاسیان بكەم.



رووداو: لە لاپەڕەكانت لە سۆشیالمیدیا دەبینم كە چوویتە نێو پێشبڕكێیەكی هەڵبژاردنی نمایشكار و ئێستا لە تۆپ پێنج- دایت، ئەم پێشبڕكێیە چییە و چۆن رێكخراوە؟

سارا ئارام: جێت سێت مەگەزین گۆڤارێكی ئەمریكی لایف ستایڵە، ئەو ساڵانە لە سۆشیالمیدیا دەگەڕێت و چەند نمایشكارێك دەخاتە دەنگدانێكی ئۆنلاینەوە بۆ ئەوەی ببێتە كەڤەری گۆڤارەكەی، ئەم گۆڤارە لە نێو فڕۆكە و یەخت و یەختە تایبەتەكان دادەنرێت، لە هەموو دونیا چەند نمایشكارێكیان هەڵبژارد و خەڵكی لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەموچاوی كەڤەری مەگەزینەكە هەڵدەبژێرن، ئێستا بە خۆشحاڵییەوە من لە تۆپ پێنجدام، هیوادارم سەركەوتوو بم و ببمە كەڤەری جێت سێت مەگەزین.

رووداو: پلانت نییە سەردانی كوردستان بكەیت و لە كوردستانیش وەك نمایشكاری ئاڵا دەربكەویت؟

سارا ئارام: بەڵێ پلانم هەیە، حەز دەكەم و پڕۆژەیەكی جوانی نمایشكردنی ئاڵای كوردستانم ئامادەیە لە نێو سروشتدا، ئەم پڕۆژەیە ئێستا لە قۆناغی ئامادەكاریدایە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دێمەوە كوردستان و بە سروشتی جوانی كوردستان شاد دەبمەوە.