دڵنیا رەزازی دەردەكەوێتەوە
زانا گەڵاڵی
رووداو - هەولێر
وا بڕیارە لە ساڵیادی مردنی دایكیدا، هونەرمەند دڵنیاز رەزازی كلیپێكی گۆرانی بڵاوبكاتەوە، بەڵام هیچ بەرنامەیەكی نییە بۆ یادكردنەوەی كۆچی دوایی دایكی.
سەرچاوەیەكی نزیك لە دڵنیا رەزازی بە (رووداو)ی راگەیاند "دڵنیا رەزازی رۆژی 18ی ئەم مانگە كە هاوكاتە لەگەڵ مردنی مەرزیە فەریقیی دایكی، كلیپێكی گۆرانی بەناوی (لەو رۆژەوە) بڵاودەكاتەوە". ئەو سەرچاوەیە گوتیشی "ناوەڕۆكی گۆرانییەكە باسی مافی ئافرەت دەكات و لە پێشەكی كلیپەكەدا دڵنیا رەزازی چەند قسەیەك دەكات".
گۆرانی لەو رۆژەوە، ئاوازەكەی لەلایەن بورهان موفتی زادە دانراوە. سارا فەقێ خدر تێکستی بۆ نووسیوە. دابەشكردنی میوزیكیشی لەلایەن پێدرام شەهلایی بۆ كراوە. كلیپەكە لەلایەن كاردۆ رەزازی و ئارەزوو عەلی بابای هاوژینی وێنەگیراوە.
دڵنیا رەزازی كچی هونەرمەندان ناسر رەزازی و مەرزیە فەریقییە. دڵنیا دوای مردنی دایكی لە 18/9/2005 ئەلبوومێكی تەواونەكراوی دایكی بە دەنگی خۆی بڵاوكردەوە، دوای ئەو ئەلبوومە هیچ بەرهەمێكی نەبووە.