جۆنی دێپ روو لە کاری دەرهێنان دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی لە دوای 25 ساڵ دوورکەوتنەوە لە دەرهێنانی فیلمە درێژەکان کە دوایین فیلمی بەناوی ''The Brave لە 1997 بوو، بڕیارە کاری دەرهێنان بۆ فیلمێکی نوێ بکات و ئال پاچینۆ، ئەکتەری ئەمریکی لە بەرهەمهێنانیدا بەشدار دەبێت.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەناوی 'Modigliani'یە و لەبارەی ئامەدێیۆ مودێلیانی، هونەرمەندی ئیتاڵییە و تیشک دەخاتە سەر 48 کاژێر لە ژیانیدا کە لەو ماوەیدا تەواوی ژیانی دەگۆڕێت.
دێپ، لە دوای سەرکەوتنی لە دۆسییەی ناوزڕاندنی لەلایەن ئەمبێر هێرد، هاوژینی پێشووی، دووبارە گەڕاوەتەوە نێو دنیای هونەر و پێشنیازی و دەرفەتی کاری سینەمایی زیاتری بۆ رەخساوە.
ئەو ئەکتەرە کە وێنەش دەکێشێت، بەم دواییە کۆمەڵە تابلۆیەکی هونەری کە بە کۆمپیوتەر کێشاویەتی، بە بڕی سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمریکی فرۆشت.
ئەو کۆمەڵە کارە هونەرییە چوار وێنە لەخۆدەگرێت و بەناوی 'Friends and Heroes'یە واتە 'هاوڕێ و پاڵەوانەکان' و وێنەی ژمارەیەک ئەستێرەی هۆلیوود و میوزیکی رۆک لەخۆدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە دێپ، لە فیلمێکی نوێدا بەناوی 'Jeanne du Barry' رۆڵبگێڕێت و لە دەرهێنانی مایوین، دەرهێنەری فەرەنسییە و لە جۆری بەرهەمە درامایی و مێژووییەکانە و بڕیارە بەم نزیکانە کاری وێنەگرتنی بۆ بکرێت.
لەم بەرهەمەدا دێپ، رۆڵی شا لویسی پازدەیەم دەگێڕێت کە 59 ساڵ فەرمانڕەوایی فەرەنسای کردووە و بۆ ئەم مەبەستە دێپ سەردانی پاریسی کرد.
جۆنی دێپ، لە 9-7-1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
یەکەم دەرکەوتنی دێپ لە رێگەی فیلمی 'Elm Street' بوو لە 1984، دواتر لە زنجیرەی '21 Jump Street' رۆڵی گێراوە و لە 1987 تاوەکو 1990 بەردەوام بوو و هۆکاری بەناوبانگبوونی بوو.