بەشی دووەمی 'Dead Reckoning' بەرهەمدەهێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەشی حەوتەمی زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Mission: Impossible' کە بەناوی 'Dead Reckoning'یە بڵاوکرایەوە و بڕیارە ئەو بەشەی بە دووبەشی جیاواز بڵاوبکرێتەوە و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەشی دووەمی دەکرێت.
کریستۆڤەر ماکۆرای، دەرهێنەری 'Mission: Impossible - Dead Reckoning' رایگەیاند، کار بۆ بەرهەمهێنانی بەشی دووەمی 'Dead Reckoning' دەکات، لە کاتێکدا یەک هەفتەیە بەشی یەکەمی لە سینەماکانی جیهاندا پێشاندەدرێت.
ئەو دەرهێنەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی بەشی حەوتەمی زنجیرەکە بە دوو بەشی جیاواز، بۆ ئەوەیە ئەم بەشە لە هەموو بەشەکانی پێشووی نایابتر بێت.
لە بەرهەمهێنانی ئەم بەرهەمە سینەماییە زیرەکی دەستکرد بەکارهاتووە کە بەشێک لە شارەزایانی سینەما بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو کەرتە هەژماری دەکەن، بەشێکیش بە پێچەوانەوە.
تۆم کروز بە میدیاکانی راگەیاند، پلانی ئەوەی هەیە لە بەشی داهاتووی زنجیرە فیلمەکەدا، لە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمانی بەشێکی دیمەنەکانی فیلمەکە وێنەبگرێت.
کروز ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تەنیا بیر لەوە دەکەمەوە چۆن شتێكی ناوازە بۆ بینەران بکەم، ئەوەش لە رێگەی ئەو فیلمانەی کە کریستۆفەری دەرهێنەر بەرهەمیان دەهێنێت؟ چۆن بتوانم وا لە کریستۆفەریش بکەم بچێتە قووڵایی چیرۆکی فیلمە سینەماییەکەوە تاوەکو شتێكی ناوازە بە هەستێكی باڵای لێ بەرهەمبهێنێت".
'Mission: Impossible - Dead Reckoning' ئێستا لە بەشێک لە سینەماکانی جیهاندا پیشاندەدرێت و داهاتی 235 ملیۆن دۆلارە.