براوەی ئەمساڵی یۆرۆڤیژن خەڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا دەبەخشێت


رووداو دیجیتاڵ

براوەی ئەمساڵی خەڵاتی یۆرۆڤیژنی، گرووپی 'کالوش ئۆرکێسترا' بوو، ئەندامانی بڕیاریانداوە، داهاتی خەڵاتەکە ببەخشنە سندوقی هاوکاریکردنی ئۆکراینا کە ئێستا لەلایەن رووسیاوە هێرشی دەکرێتە سەر.
 
ئۆلیهـ پسیوک، سەرۆکی گرووپی 'کالوش ئۆرکێسترا'ـی ئۆکراینی رایگەیاند، خەڵاتەکەیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بۆ فرۆشتن دەخەنەڕوو و داهاتەکەی دەبەخشنە سندوقی خێرخوازی بۆ هاوکاریکردنی هێزی چەکداری ئۆکراینا.
 
ئەو گرووپە میوزیکییە لە 66مین خولی خەڵاتی گۆرانیی ئەوروپی 'یۆرۆڤیژن'، خەڵاتەکەی بەدەستهێنا و بە کۆکردنەوەی 631 خاڵ، بووە خاوەنی نازناوی خەڵاتەکە و خەڵاتەکە لە 14-5-2022 لە ئیتاڵیا راگەیێندرا، بەمەش سێیەم جارە ئۆکراینا ئەو خەڵاتە بەدەست دێنێت.
 
هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کاریگەری زۆری لەسەر دەنگدەران و لیژنەی دادوەری هەبوو و توانی زۆرترین دەنگ کۆبکاتەوە و بەسەر هەریەک لە بەریتانیا بە 466 دەنگ، سوێد بە 438 دەنگ و ئیسپانیا بە 459 دەنگ بکەوێت.
 
ئۆکراینا دوو جاری دیکە بووەتە خاوەنی خەڵاتی یۆرۆڤیژن، ئەویش لە 2004 و 2016 بوو.
 
'کالوش ئۆرکێسترا' لە دوای بردنەوەی خەڵاتەکە، داوای کۆکردنەوەی هاوکارییان بۆ وڵاتەکەیان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رووسیا لە وڵاتەکەیان.
 
پێشبڕکێی گۆرانی یۆرۆڤیژن، ساڵانە لەلایەن یەکێتی پەخشی ئەوروپا سازدەکرێت و یەکەم خولی لە 24-5-1956 بەڕێوەچوو، وڵاتانی ئەوروپا بە گۆرانیبێژێک یاخود کرووپێکی میوزیکی بەشدار دەبن.
 
لە 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک زۆربەی چالاکییە هونەرییەکانی دیکە ئەو چالاکییە بەڕێوە نەچوو.