شێخ ئیبراهیم بەرزنجی داوایەک لە پەیام عەزیزی دەکات و نێوچاوانی ماچ دەکات


رووداو دیجیتاڵ

شێخ ئیبراهیم محەممەد بەرزنجی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی پاشیڤ داوایەک لە پەیام عەزیزی، سروودخوێنی ئایینی دەکات و نێوچاوانی ماچ دەکات.
 
شەوی رابردوو، شێخ ئیبراهیم محەممەد بەرزنجی، لەبارەی مژاری سندووقی زەکات لە هەرێمی کوردستان میوانی بەرنامەی 'پاشیڤ'ـی رووداو بوو، لە دوای کۆتایی هاتنی تەوەرەکە، داوای لە پەیام عەزیزی کرد سروودی 'یا رەسوڵەڵڵا یا شای مەدینە' پێشکێش بکات.
 
پەیام عەزیزی لەگەڵ گرووپی میوزیک سروودەکەی پێشکێشکرد و لە بەرامبەردا شێخ ئیبراهیم محەممەد بەرزنجی، نێوچاوانی عەزیزی ماچ کرد سوپاسی کرد.
 
پەیام عەزیزی، شەوانە چەند سروودێکی ئایینی لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی پێشکێش بە بینەرانی 'پاشیڤ' دەکات.
 
'یا رەسوڵەڵڵا یا شای مەدینە' یەکیک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی پەیام عەزیییە و لەلایەن سامی یوسف، هونەرمەندی بەریتانی - ئازەری گوتراوەتەوە.
 
'پاشیڤ' بەرنامەیەکی دوو کاژێری تۆڕی میدیایی رووداوە و بە درێژایی شەوانی رەمەزان لە کاژێر 01:00-03:00 شەو، لە یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ماڵباتی چەلەبی لەسەر قەلای هەولێر پێشکێش دەکرێت.
 
لە بەرنامەکەدا د. ئادەم بێدار، پێشکێشاری رووداو، شەوانە لەسەر مژارێکی ئایینی گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی دەکات، هەروەها پەیام عەزیزی، هونەرمەند و سروودبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ گرووپێکی میوزیکی شەوان سروودی ئایینی و موناجات پێشکێش دەکات و وەک پێشکێشکاریش بەرنامەش گفتوگۆ و پرسیار دەکات.
 
سەفقان ئۆرکێش، هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان و پێشکێشكاری رووداو، وەک پێشکێشکار و هونەرمەند لە بەرنامەکەدا بەشدارە، بڕگەیەکی تایبەتی بەناوی 'ئایین بە کوردی' هەیە و لەگەڵ سروودبێژ و شارەزایانی بواری تەسەوف و عیرفان لە رۆژئاوای کوردستان چەند هەڤپەیڤینێکی تۆمارکردووە و لە بەرنامەکەدا پەخش دەکرێن، هەروەها گۆرانی و سروودی ئایینی پێشکێش دەکات.
 
بانوو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو، لەگەڵ ئەو سێ پێشکێشکارە گفتوگۆ لەگەڵ میوانەکانی 'پاشیڤ' دەکات، بەتایبەتیش لە بڕگەی ژنی خاوەن کار.