بڵند زنجیرە کۆنسێرتێکی خێرخوازی لە ئەوروپا سازدەکات

رووداو – هەولێر

هونەرمەند بڵند ئیبراهیم، بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز، زنجیرە کۆنسێرتێکی گۆرانی لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی سازدەکات و بەشێکی داهاتی کۆنسێرتەکانیش پێشکەشی خێزانی شەهید 'هوجام سورچی' دەکرێت.

هێرش غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەکانی بڵند ئیبراهیم، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، دانیماڕک و سویسڕا، لە رۆژانی 20 تاوەکو 22 ی ئادار، زنجیرە کۆنسێرتێکی گۆرانی سازدەکەین".

لەبارەی داهاتی کۆنسێرتەکان گوتیشی، "کۆنسێرتەکان لە شێوەی کۆنسێرتی خێرخوازی ئەنجامدەدرێن و بەشێکی داهاتی کۆنسێرتەکانیش پێشکەشی خێزانی پێشمەرگەی شەهید هوجام سورچی دەکرێت".

هەر لە درێژەی قسەکانیدا، هێرش گوتی، "لەو سەردانەی بۆ ئەوروپا، بڵند ئیبراهیم مەبەستی دروستکردنی سندووقی هاوکاری هەمیشەییە، بۆ ئەوەی خەڵکانی ئەوروپاش لە رێگەی ئەو سندووقانەوە بتوانن هاوکاری و کۆمەک بگەیەننە برایانی پێشمەرگە لە بەرەکانی جەنگ".