دەرهێنەری 'Barbie' دەبێتە سەرۆکی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی فیلمی کان
رووداو دیجیتاڵ
هەوڵەکان بۆ زیاتر گرنگی دان بە فیلمسازانی ژن لە بواری سینەمادا بەردەوامە، ئەمەش لە دوای رەخنەی زۆری فیلمسازانی ژن دێت کە هاوشێوەی فیلمسازانی پیاو گرنگییان پێنادرێت، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، دەرهێنەرێکی ژنی بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری خولی داهاتووی فێستیڤاڵەکە هەڵبژاردووە.
گرێتا گێرویگ، دەرهێنەری فیلمی 'Barbie' کە ئەمساڵ فیلمەکەی دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردراوە.
گرێتا گێرویگ (40 ساڵ) دەرهێنەر، ئەکتەر و سیناریۆنووسە، لە دوای فیلمی 'Barbie' ناوبانگییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستا وەک یەکێک لە فیلمسازە دیارەکانی سینەمای هۆلیوود دەناسرێت.
چالاکییەکانی 77مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کان، لە 14-25ـی ئایاری 2024 لە شاری کانی فەرەنسا سازدەکرێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی فێستیڤاڵی فیلمی کان، گێرویگ دەبێتە، یەکەم دەرهێنەری ژنی ئەمریکی سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەکە بکات، ئەمەش رەنگدانەوەیەکی گەنجانەی لەسەر فێستیڤاڵەکە دەبێت.
یەکەمجارە هونەرمەندێک لەو تەمەنە سەرۆکایەتی فێستیڤاڵەکە بکات، لە دوای سۆفیا لۆرین، ئەکتەری ئیتاڵی کە لە 1966 لە تەمەنی 31 ساڵیدا ئەو ئەرکەی خرایە پاڵ.
لە 2018ـەوە هیچ ژنێک نەبووەتە سەرۆکی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵی فیلمی کان، لەو ساڵەدا، کەیت بلانچێت، ئەکتەری ئوسترالی ئەو بەرپرسیاریەتییەی خرایە پاڵ.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی فێستیڤاڵ، گێرویگ دەڵێت: "زۆر حەزم لە فیلمە، حەزم لە دەرهێنانیەتی و حەزم لە سەیرکردنیەتی، حەز دەکەم بۆ چەندین کاژێر لەبارەیەوە بدوێم".
پێش فێستیڤاڵی فیلمی کان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین کە لە شوباتی 2023 بەڕێوەدەچێت، بەهەمان شێوە ژنێکی بۆ سەرۆکایەتی لیژنەی دادوەری هەڵسەنگاندنی فیلمەکان دیاریکردووە، ئەویش لوپیتا نیونگۆ، ئەکتەری مەکسیکی - کینیی تەمەن 40 ساڵە، بەمەش دەبێتە یەکەم ژنی بە رەچەڵەک ئەفریقی ئەو ئەرکەی بخرێتەپاڵ.
فیلمی 'Barbie'ـی گرێتا گێرویگ، بەربژێری نۆ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە، لەوانەش باشترین فیلمی کۆمێدی، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری ژن و پیاو.
ئەو دەرهێنەرە ژنە لە رێگەی فیلمی 'Barbie' ناوی چووە نێو مێژوو و توانی وەک دەرهێنەرێکی ژن ببێتە خاوەن زۆرترین داهاتی فیلم، ئەویش یەک ملیار و 441 ملیۆن دۆلارە.
بەم بڕیارەی رێکخەرانی فێستیڤاڵی فیلمی کان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پیشەسازی سینەمای ئەمریکا بەهێزتر دەکەن.
بڕیارە رێکخەرانی 77مین فێستیڤاڵی فیلمی کان، لە ماوەی داهاتوودا ناوی ئەندامانی لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵ و فیلمە بەشداربووەکان ئاشکرا بکات.
گرێتا گێرویگ، لە 4ـی ئابی 1983 لە ئەمریکا لەدایکبووە، وەک یەکێک لە دیارترین فیلمسازەکانی سینەمای سەربەخۆی ئەمریکا دەناسرێت، لە 2018 ناوی لە لیستی 'تایم' بۆ 100 کاریگەرترین کەسانی جیهاندا هات و دوو فیلمی لە بەشی باشترین فیلم بەربژێری خەڵاتی ئۆسکار بوونە.
جگە لە نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان، وەک ئەکتەر لە چەندین فیلمدا بەشداربووە، لەوانە فیلمی 'Damsels in Distress' لە 2011، 'To Rome with Love' لە 2012 و 'Mike Mills' 20th Century Women' لە 2016.
فیلمی 'Barbie' لە 2023 بڵاوکرایەوە کە پڕە لە رەنگی پەمەیی، هەر لە رەنگی جلوبەرگەکانەوە بگرە، تاوەکو کەلوپەل و ناو ماڵ و بەهۆی زۆری بەکارهێنانی ئەو رەنگە، کێشەی لە بازاڕی بۆیاخدا دروستکربوو و بۆیاخی پەمەیی لە جیهاندا کەمیکردبوو.
بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە پێشتر ئاماژەیان بۆ ئەوەکردبوو، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی رەنگی پەمەیی لە فیلمەکەدا کراوە، بۆ ئەوەی جیهانی باربی بە شێوەیەکی دروست بخەنەڕوو.
سارە گرینوود، دیزاینەرەی فیلمەکە کە بەربژێری شەش خەڵاتی ئۆسکار بووە؛ پێشتر رایگەیاندبوو، جگە لە رەنگی نێو ماڵی باربی، شەقام و کەرستەی دیکەیان لە دەرەوەی ماڵەکەی بە رەنگی پەمەیی رازاندووەتەوە.
گرێتا گێرویگ، دەرهێنەری فیلمەکە، پێشتر رایگەیاندبوو، فیلمەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بۆیاخی پەمەیی لە جیهاندا، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردبوو، بڕێکی زۆر لەم بۆیاخیان دەستەبەرکردووە بۆ ئەوەی فیلمەکە بە شێوەی خوازراو بەرهەمبهێنن.
باربی، بووکەڵەیەکی بواری مۆدەیە و لەلایەن کۆمپانیای ماتێل بۆ یارییەکان دروستکراوە، لە مانگی ئازاری 1959 خراوەتە بازاڕەوە، رۆس هاندلەر، ژنە بازرگانی ئەمریکی دیزاینیکردووە و بیرۆکەکەی لە بووکەڵەی بیڵد لیلی وەرگیراوە.
فێستیڤاڵی فیلمی کان لە 1946 دامەزراوە، تاوەکو 2003 بە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی سینەما دەناسرا و ساڵانە لە مانگی ئایار لە شاری کانی باشووری فەرەنسا سازدەکرێت.
کان، بە یەکێک لە سێ فێستیڤاڵە گرنگەکانی سینەما لە ئەوروپا دەناسرێت، لە پاڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینس لە ئیتاڵیا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەرلین لە ئەڵمانیا، هەروەها بە یەکێک لە پێنج گرنگترین فێستیڤاڵی سینەمایی لە جیهاندا دەناسرێت، لەگەڵ هەریەک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا و فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سەندانسی ئەمریکا.