دڵنیا رەزازی شەوەئاهەنگێک لە هەولێر سازدەکات
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەند دڵنیا رەزازی، بۆ سازکردنی شەوەئاهەنگێک لە هەولێر، دەگەڕێتەوە کوردستان و بەم دواییە دووجاری دیکە سەردانی کوردستانی کردووە.
دڵنیا رەزازی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە مەبەستی سازکردنی شەوەئاهەنگێک لە هەولێر سەردانی کوردستان دەکات و پلان و پڕۆژەی دیکەی هونەریشی هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، شەوەئاهەنگەکەی لە 25ـی ئەیلوولی 2023 لە یەکێک لە هۆڵەکانی هەولێر سازدەکرێت و گوڵبژێرێک لە بەرهەمەکانی پێشکێش بە هەوادارانی دەکات.
دڵنیا رەزازی، ئەمساڵ بەرهەمێکی نوێی بەناوی 'بۆ ئازادی' بڵاوکردەوە کە لەبارەی رەوش و ناڕەزاییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو، هەروەها بەرهەمێکی دیکەی ئەوینداری بەناوی 'دۆڕاندت' بەشێوەی ڤیدیۆکلیپ بڵاوکردەوە.
دڵنیا رەزازی، لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، کچی هەردوو هونەرمەند ناسری رەزازی و مەرزییە فەریقییە، سەرەتای دەرکەوتنی لە بواری هونەریدا، دوای کۆچی دوایی دایکی بوو و بە ئەلبوومە تەواو نەکراوەکەی دایکی دەستیپێکردووە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا و ئێستا لە سوێد دەژی.