کارداشیان، دی کاپریۆ و کاتی پیری، دژی فەیسبووک و ئینستاگرام دەوەستنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
کیم کارداشیان، بووە نوێترین کەسایەتی دیاری جیهانی کە لە دژی 'بڵاوبوونەوەی رقەبەرایەتی و زانیارییە نادروستەکان'، ماڵپەرەکانی خۆی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخست.  
 
ئەم هەنگاوەی کارداشیان، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدایە کە بەرگریکەرانی مافی مرۆڤ دەستیان پێکردووە، لە ژێر ناوی 'رقلێبوونەوە لە پێناو قازانج رابگرن'.
 
داخستنی ماڵپەرەکان تەنیا 24 کاژێر دەخایەنێت و ئەمڕۆ چوارشەممە جێبەجێدەکرێت.
 
کارداشیان گوتی: "ناتوانم بەبێدەنگی تەماشای ئەم تۆڕانە بکەم، کە رێگە دەدەن بەبڵاوبوونەوەی رق و زانیارییە نادروستەکان، کە هەندێک کەس کار بۆ بڵاوکردنەوەی دەکەن، لەپێناو دابەشبوون و پارچەپارچەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا".
 
ئەو روونیکردەوە "بڵاوبوونەوەی زانیاری نادروست، کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکانمان دروستدەکات و دیموکراتییەتەکەمان لەبار دەبات".
 
چەندین کەسایەتی دیاری دیکە چوونەتە پاڵ هەڵمەتەکە، لە نێویاندا لیۆناردۆ دی کاپریۆ، ساشا بارۆن کوهین، جینیفەر لۆرەنس و کاتی پیری کە لە ئینستاگرام نووسیوویەتی "ناتوانم دەستەوسان دانیشم لە کاتێکدا ئەم تۆڕانە چاوپۆشی لەو خەڵکانە دەکەن، کە زانیاری درۆ بڵاودەکەنەوە".
 
ئاشتۆن کۆتەر، ئەکتەری ئەمریکی چووە پاڵ هەڵمەتەکە کە ملیۆنان فۆڵۆوەری هەیە، نووسی "ئەم کەرەستانە بۆ بڵاوکردنەوەی رق و تووندوتیژی دروستنەکراون".
 
سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، فەیسبووک و ئینستاگرام تۆمەتباردەکەن، بە نەگرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر راگرتنی گوتاری رقەبەرایەتی و زانیارییە نادروستەکان.
 
هەڵمەتەکە لەسەر کۆمپانیای فەیسبووک چڕکراوەتەوە، کە خاوەنی ئینستاگرام و ئەپیلیکەیشتنی 'واستئاپ'ە و ساڵی رابردوو لە رێگەی رێکلامەوە، نزیکەی 70 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.
 
هەڵمەتەکە سەدان کۆمپانیا و رێکخراوی سەرەکی بواری مافە مەدەنییەکان بەشداریی تێدا دەکەن.
 
فەیسبووک لە حوزەیرانی رابردوودا، ئاشکرایکرد کە سنوورێک بۆ ئەو بڵاوکراوانە دادەنێت کە ئەگەر هەیە ناڕاست بن و چەواشەکارییان تێدا بێت.
 
مارک زۆکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک و خاوەنی کۆمپانیاکە ئاشکرایکردبوو، ئەو رێکلامانە رادەگرێت کە ئەگەر هەیە "هەڕەشەیان بۆ سەر کەسانی سەر بەرەگەزی دیاریکراو، یان نەتەوە یان پابەندیی ئاینی یان چینێک تێدا بێت. هەروەها ئەو رێکلامانەی ئاراستەی سێکسییان هەیە یاخود ناسنامەی سێکسییان تێدایە".
 
زۆکەربێرگ لە بڵاوکراوەکەدا رایگەیاندبوو "هەڵبژاردنەکانی 2020 بەرەو گەرمی دەڕوات، رێوشوێنی زیادە دەگرینەبەر، بۆ هێشتنەوەی هەمووان بە پارێزراوی و ئاگاداربوونیان لە دۆخەکە".
 
لە دوای ئەو هەڵمەتەی کەسە ناسراوەکانەوە، پشکەکانی فەیسبووک بەشێوەی بەرچاو دابەزین. سەرچاوەکان گوتیان سامانی زۆکەربێرگ بۆ 7،2 ملیار دۆلار دابەزیووە.