ئەنیمەیشنێکی کوردی لەبارەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەرهەمدێت


رووداو دیجیتاڵ

'چاوی منیش قاوەییە' ئەنیمەیشنێکی کوردییە لە نووسین و دەرهێنانی ئەکرەم سلێمان، دەرهێنەری کوردە و ناوەڕۆکەکەی لەبارەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و بۆ یەکەمجار دیمەنی لە رووداو بڵاودەکرێتەوە. 
 
ئەکرەم سلێمان بە رووداوی راگەیاند، ئەم بەرهەمە پڕۆژەیەکی ئەنیمەیشی بڵندی کوردی - هۆڵەندییە، لە سیناریۆ و دەرهێنانی خۆیەتی، لەگەڵ ئیبراهیم کەریمی ماوەیەکە کاری بۆ دەکەن و ئێستاش کارکردن لەسەری بەردەوامە. 
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فیلمەکە باس لە منداڵێکی هەڵەبجەیی دەکات کە لە هۆڵەندایە و بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە شارەکەی کە ماڵباتەکەی بەهۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە لەناوچووە و تەنیا باپیری لە ژیاندا ماوە و بۆ یەکەمجار دەیبینێت.
 
ئەو دەرهێنەرە کوردە لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە دیار نییە و کارکردن تێیدا بەردەوامە، چونکە کارێکی ئەنیمەیشنی وردە و پڕۆژەیەکی گەورە و تایبەتە، گوتیشی "فیلمەکە لەبارەی مەرگەساتی هەڵەبجەیە و دەمەوێت بە کوالیتی زۆر بەرز پێشکێشی بکەم و بە جیهانی بناسێنم".
 
ئەکرەم سلێمان، دەرهێنەرێکی کوردە و ماوەی 27 ساڵە لە هۆڵەندا دەژی و کاری فیلمسازی دەکات و خاوەنی چەندین بەرهەمە، 'چاوی منیش قاوەییە' نوێترین بەرهەمیەتی.
 
فیلمسازی کورد چەندین بەڵگەفیلم، فیلمی بڵند و کورتەفیلمیان لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدی کوردە بەرهەمهێناوە و بەشێکیان لە فیستیڤاڵە نیودەوڵەتییەکاندا بەشداربوونە و خەڵاتەیان بەدەستهێناوە.