سبەی نمایشی شانۆیی 'داگیرکردنی تاریکی' دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئیحسان عوسمان، دەرهێنەری شانۆیی کورد، رۆمانێکی کوردی وەک بەرهەمێکی شانۆیی بەرهەمی دێنێت و بڕیارە لە 17ـی ئەم مانگە لە شاری ڤیزبادنی ئەڵمانیا نمایش بکرێت.
چیرۆکی بەرهەمە شانۆییەکە لە رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی'ـی بەختیار عەلی، رۆماننووسی کورد وەرگیراوە و کەڤاڵ سدقی تێکستەکەی بۆ شانۆ ئامادە کردووە و بەرهەمی ماڵی شانۆیی ئەڵمانییە.
کەڤاڵ سدقی، خەڵکی باشووری کوردستانە، شانۆکار و مامۆستای زانکۆیە، لەم بەرهەمەدا وەک ئەکتەر بەشدارە و دەقی رۆمانەکەی بۆ بەرهەمە شانۆییەکە ئامادەکردووە.
کەڤاڵ سدقی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 'داگیرکردنی تاریکی' یەکێک لە کارە هەرە گرنگەکانە کە دەبێتە مایەی شانازی لە ژیانیدا، هەروەها دەرفتێکی زۆر تایبەتە کە ئەو بە هاوکاری هونەرمەند ئیحسان عوسمان ئەو کارە بکات. گوتیشی "مایەی شانازییە کە کێشەی گەلی کورد لەسەر تەختی شانۆی ئەڵمانیا نمایش دەکەن".
پڕۆڤەکردن و ئامادەکارییەکان بۆ شانۆگەرییەکە بەردەوامە، تێیدا 13 ئەکتەری شانۆیی کورد و ئەڵمانی بەشدارن و ستافێکی نێودەوڵەتی کارە هونەرییەکانی دەکات و ژمارەیەک ئەکتەری کورد و ئەڵمانی تێێدا بەشدارن، لەوانە فەرهادێ فەقێ کە بە فەرهاد کەسکینیش دەناسرێت و شانۆکاری باکووری کوردستانە.
فەرهادێ فەقێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم بەرهەمە شانۆییەدا رۆڵی عیسمەت ئۆکتای دەگێڕێت کە تورکێکی نەژادپەرستە، بەیانییەک لە خەو هەڵدەستێت و زمانی دایکی کە تورکییە لە بیر دەکات و لە بری ئەوە بە زمانێکی دیکە قسە دەکات، ئەویش زمانی کوردییە.
رۆمانی 'داگیرکردنی تاریکی' گەشتێکە بە مێژووی تورکیا و کورد و ململانێ سیاسییەکانی تورکیا لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.