لەمەودوا لە ئینگلاند و وێڵز (Upskirting) بە تاوان دادەنرێت
رووداو - هەولێر
لەمەودوا وێنەگرتنی ئەو ئافرەتانەی جلی کورتی وەک تەنوورە لەبەردەکەن لە ئینگلاند و وێڵز بە تاوان دادەنرێت و تاوانبار زیندانی دەکرێت.
Upskirting وشەیەکی ئینگلیزییە، مەبەست لێی ئەو ئافرەتانەیە کە جلی کورتیان لەبەردایە و خەڵک لە شوێنە گشتییەکاندا لەژێرەوە بەنهێنی وێنەیان دەگرن.
یاسا نوێیەکە لە بەشێکی پەرلەمانی بەریتانیا (House of Lords) پەسندکراوە و ئێستاش تەنیا پەسندکردنی کۆتایی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا لە ئینگلاند و وێڵز.
یاسا نوێیەکە سزای بۆ ئەو کەسانە داناوە کە بەو جۆرە وێنەی ئافرەتان دەگرن، بەجۆرێک سزاکەی دەگاتە دوو ساڵ زیندانیکردن. هەروەها ئەگەر حاڵەتەکە ترسناک بوو ئەوا ناوی تاوانبارەکە بە دەستدرێژیکاری سێکسی تۆماردەکرێت.
جینا مارتین-ی تەمەن 26 ساڵ ساڵێک پێش ئێستا لە فێستیڤاڵێکدا خۆی قوربانی ئەو جۆرە وێنەگرتنە بوو، بەو هۆیەوە لە ساڵی 2017 کەمپەینێکی ئۆنلاینی راگەیاند بۆ ئەوەی ئەو پرسە بە یاسا رێکبخرێت. دواتریش چەند پەرلەمانتارێک پشتیوانی کەمپەینەکەیان کرد و پڕۆژەیاسایەکیان ئامادەکرد.