حەسەن شەریف: بۆ تۆمارکردنی کلیپێکی نوێ لە کوردستانم

رووداو-هەولێر

لەگەڵ خانمە هونەرمەندی باکووری کوردستان رۆژدا ئێستا لە باشووری کوردستانە و کار بۆ بڵاوکردنەوەی کلیپێکی گۆرانی دەکەن کە باس لە جینۆسایدی گەلی کورد دەکات. 

هونەرمەندى گۆرانیبێژ حەسەن شەریف کە ساڵانێک پێشمەرگە بووە، بەرهەمەکانى زۆربەی جاران لەبارەی نیشتیمان و نەتەوەن، شەڕ هەبێت یان نەبێت، ئەو گۆرانى بۆ خاک و پێشمەرگە و وڵات دەڵێت. حەسەن شەریف کە لە تاراوگە نیشتەجێیە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسى کارە هونەرییەکانى و رەوشى ئەمڕۆى هونەرى کوردى دەکات.

رووداو: بەر لە هەموو شتێک، پرسیاری ئەوە دەکەم کە بۆچی گەڕاویتەوە؟

حەسەن شەریف: ئێمە بۆ کلیپکردنی گۆرانییەکی نوێ لە کوردستانین، لەگەڵ هونەرمەندی بەناوبانگی باکووری کوردستان رۆژدا لێرەم. ئەم کلیپ و گۆرانییە لە تێکستی مامۆستا ئەمین بۆتانییە، باس لە جینۆسایدی گەلی کورد دەکات، بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە و سوپاسیان دەکەم کە هاوکارمن بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کارە.

رووداو: بۆ کلیپکردنی ئەم گۆرانییە ناوچە شوێنەوارییەکانى کوردستانت هەڵبژاردووە، وەکو قەڵای شێروانە لە کەلار و قشڵەى کۆیە، بۆچى ئەو شوێنانە؟

حەسەن شەریف: ئەم گۆرانییە لەبارەی کوردە، باس لە جینۆساید دەکات، بۆیە دەرهێنەری کلیپەکە کاک سامان عەدنان بڕیاری دا لەم لۆکەیشنانە وێنەی بگرین.

رووداو: پێشتر گۆرانییەکت بەناوی رەش و شین بڵاوکردەوە کە باس لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر دەکەیت، دەمەوێت زیاتر لە مەبەستی ئەم گۆرانییە تێبگەم؟

حەسەن شەریف: مەبەستی ئەم گۆرانییە روونە، باس لە خیانەتی گەورەی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات، منیش وەکو هونەرمەندێک حەزم کرد لەم رووداوەدا گۆرانییەک بڵاوبکەمەوە کە دەڵێت: شوانی ئێمە گورگی هێنا و بەریدایە پەز و مەڕ. تێکست و ئاوازی ئەم گۆرانییە هەر هی مامۆستا ئەمین بۆتانی بوو، زۆر سوپاسی دەکەم.

رووداو: هیچ پلانت هەیە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی گۆرانی؟

حەسەن شەریف: کارکردن بۆ ئەلبوومی گۆرانی زەحمەتە، بەتایبەتی ئێستا، بۆیە هیچ پلانێکی نزیکم نییە، بەڵکو کارەکانم بە سینگڵ بڵاودەکەمەوە، هونەرمەندی کورد داهاتی لە کارە هونەرییەکانی دەستناکەوێت، بۆیە بەرهەمهێنانی ئەلبووم زۆر قورسە.

رووداو: ئەی لەبارەی کۆنسێرت؟ تۆ لە سوێد دەژی، لەوێ بارودۆخی کۆنسێرت چۆنە؟

حەسەن شەریف: بەگشتی کولتووری کۆنسێرت و ئاهەنگ کەمە لە کوردستان، بۆیە بارودۆخی کۆنسێرتی گۆرانی بەگشتی لە کوردستان و لە ئەوروپاش باش نییە.

رووداو: تۆ هونەرمەندێکی کە گۆرانیت بۆ هەموو بابەتەکان هەیە، هەمیشە دەڵێن منداڵ و گەنج و پیر دەتوانن گوێ لە حەسەن شەریف بگرن..

حەسەن شەریف: جا ئەمە مەبەست و پلانی منە، هونەرمەند دەبێت لە هەموو بارودۆخێک، بۆ هەموو بابەتێک گۆرانی هەبێت.

رووداو: دەتوانم پرسیاری قۆناغەکانی ژیانی تۆ بکەم؟

حەسەن شەریف: من ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لە ئەوروپا دەژیم، بەر لەوەش پێشمەرگە بوومە، ژیانێکی قورسم هەبووە، بەڵام پێشمەرگایەتی بە قۆناغی زێڕین و شەرەفمەندانەی ژیانی خۆم دەزانم.

رووداو: گرنگی بە نوێکردنەوەی گۆرانی فۆلکلۆر دەدەیت، ئەم ئەزموونە بۆ تۆ چۆنە؟

حەسەن شەریف: من پێموایە هونەرمەندانی کۆن و هونەری کوردی گەنجینەیەکی گەورەن، ئێمەی هونەرمەندانی ئێستا ئەرشیفێکی گەورە و دەوڵەمەندمان هەیە بۆ کارکردن لەسەری، نوێکردنەوەی گۆرانی فۆلکلۆریش کارێکە دەبێ بکرێت، ئێمە پێویستمان بەوەیە هونەری خۆمان پێشانی گەنجان و نەوەی نوێ بدەین، ئەمە ئەرکی هەموو هونەرمەندێکە.

رووداو: بەشداریکردنت لە شاکاری پێشمەرگە و شنگال لەگەڵ هونەرمەندی کورد د.دڵشاد محەممەد سەعید چۆن ئەزموونێک بوو؟

حەسەن شەریف: پێموایە ئەو شاکارە یەکێکە لەو کارە گەورانەی کە دەبێت هەموو کورد شانازی پێوە بکات، بەڕاستی ئەزموونێکی باوەڕپێنەکراو بوو، ئەزموونێک بوو کە هەرگیز لەبیری ناکەم.