هەڵکەوت مستەفا کاندیدی باشترین دەرهێنەری نەرویجە
رووداو-هەولێر
رۆژی 15-6-2016 لە پرێس کۆنفراسێکدا لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج لەلایەن کۆمیتەی خەڵاتەکانی ئەماندا کە بە ئۆسکاری نەرویج ناسراوە ناوی کاندیدی باشترین دەرهێنەری ساڵ راگەیەندرا، کە هەڵکەوت مستەفای دەرهێنەری کوردی-نەرویجی، یەکێکە لە ناوەکان بۆ فیلمی کلاسیکۆ.
هەڵکەوت مستەفا لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند " زۆر خۆشحاڵم بە کاندید کردنم وەکو باشترین دەرهێنەری نەرویج بۆ فیلمێک کە چوار ساڵ لە تەمەنی خۆمم پێبەخشی".
ئەماندا بە گەورەترین خەڵاتی سینەمایی نەرویج دادەنرێت و هەموو ساڵێک سێ کەس کاندین دەکرێن بۆ باشترین دەرهێنەری ساڵ کە مانگی هەشتی هەموو ساڵێکدا لە شاری هاوگوسون لە وڵاتی نەرویج بەڕێوە دەچێت.
کلاسیکۆ چیرۆکی دوو کورتەباڵای کورد دەگێڕێتەوە ،کە بۆ گەیاندنی دوو جووت كڵاشی هەورامی بەیاریزانی ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید خۆیان تووشی ململانێیەکی ترسناک دەکەنەوە.
کلاسیکۆ تا ئێستا لە دەیان وڵاتی جیهان نمایش کراوەو بڕیارە هەر لەم ساڵدا لە زیاتر لە پەنجا وڵات نمایش بکرێت و لە مانگی چواری ئەمساڵیشدا خەڵاتی باشترین وێنەگری بەبڕی پەنجا هەزار دۆلاری ئەمریکی لە شاری نیویۆرک پێبەخشرا.