خەڵاتەکانی بافتا بۆ بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان دابەشکران
رووداو دیجیتال
ئەکادیمیای تەلەفزیۆنی بەریتانی 'بافتا'، خەڵاتەکانی دابەشکرد و کەیت وێنسڵێت، ئەکتەری بەریتانی، توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن لە رێگەی زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'I Am Ruth' بەدەستبێنێت و خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویش بۆ بێن ویشا بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'This is Going to Hurt' بوو.
شوبان مەکسوینی، ئەکتەری ئێرلەندی، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کۆمێدی ژن بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی کۆمیدی 'Derry Girls' بەدەستهێنا، خەڵاتی باشترین رۆڵی کۆمیدی بۆ ئەکتەری پیاو، بە لەنی رەش بەخشرا کە ئەکتەرێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە؛ بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'Am I Being Unreasonable'.
خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی ژن بە ئان-ماری داف بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'Bad Sisters' و خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکی پیاو، بە ئەدیل ئەختار، ئەکتەری بەریتانی بۆ رۆڵگێڕانی لە زنجیرەی 'Sherwood' بەخشرا.
خەڵاتی باشترین زنجیرەی نێودەوڵەتی بە زنجیرەی ' Dahmer – Monster: The Jeffrey Dahmer Story' و خەڵاتی باشترین کورتە زنجیرە بە 'Mood' بەخشرا.
خەڵاتی باشترین زنجیرەی ریالیتی بە زنجیرەی ' libby, Are You Home Yet?' و خەڵاتی تاک دراما بە زنجیرەی 'I Am Ruth' بەخشرا.
خەڵاتەکانی بافتا بۆ باشترین بەرهەمە تەلەڤزیۆنییەکان، شەوی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023 لە هۆڵی فێستیڤاڵی رۆیاڵ لە لەندەنی بەریتانیا بەڕێوەچوو.