بڵند ئیبراهیم: خەڵکی شنگالم بەڵام ئێزدی نیم
رووداو - هەولێر
دوای سەردانی هونەرمەند بڵند ئیبراهیم بۆ سەر چیای شنگال وەک پشتگیری هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێکی خەڵکی وا تێگەیشتوون کە ئەم هونەرمەندە ئێزدییە، ناوبراویش رایدەگەیێنێت راستە خەڵکی شنگالە، بەڵام کوردێکی موسڵمانە، هاوکات باس لە راگرتنی ئەلبومێکی گۆرانی خۆیشی دەکات بەهۆی جەنگی دژ بە داعش.
هونەرمەند بڵند ئیبراهیم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند،" دوای سەردانم بۆ سەر چیای شنگال لەگەڵ دەزگای روانگە وەک پشتگیری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەشێک لە خەڵکی وا تێگەیشتوون کە من ئێزدیم، هەر چەندە لە رووی نەتەوەییەوە هیچ جیاوازییەکی نییە، ئێمە هەموو کوردین، بەڵام حەزدەکەم ئەم بابەتە بۆ خەڵکی راست بکەمەوە، کە من کوردێکی موسڵمانم".
بڵند ئیبراهیم دەڵێت من بە رەچەڵەک خەڵکی شنگالم و ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە لە شاری دهۆک ژیان بەسەر دەبەم.
بڵند لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شنگال لە لایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) گریا، لەو بارەیەوە دەڵێت:" هەموو کوردێک بۆ شنگال خەمباربوو، ئەوە کارەساتێکی گەورە بوو بەسەر کورد هات، لە کاتی گرتنەوەشی لەگەڵ دەزگای روانگە سەردانی سەر چیای شنگالم کرد بە دوو مەبەست، یەکەمیان چونکە من خەڵکی ئەو ناوچەیەم، مەبەستی دووەمیش ئەوەبوو کە هاوکاری بگەیەنینە ئاوارەکانی سەر چیاکەو پشتگیری هێزی پێشمەرگەش بکەین".
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بڵند ئیبراهیم ئەلبوومێکی گۆرانی ئامادەیەو ماوەیەک بڵاوی ناکاتەوە، ناوبراو لەو بارەیەوە دەڵێت، راستە ئەلبوومێکم ئامادەیەو زۆرینەی کارەکان کۆتاییان هاتووە کە لە 11 تراک پێکهاتووە، رەنگە بشبێتە 12 تڕاک. "هۆکاری راگرتنی ئەلبوومەکە بۆ جەنگی داعش و ئەو بارودۆخە دەگڕێتەوە کە کوردستان تێیکەوتووە، تا بارودۆخی کوردستان هێورنەبێتەوە بڕیاری بڵاوکردنەوەی ئەلبوومەکەم نادەم". بڵند وادەڵێت.