پیشاندانی فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" لە سلێمانی دەستیپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکەم پیشاندانی فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" بە شێوەیەکی تایبەت و لەسەر بانگهێشتی ستافی فیلمەکە بۆ میوانانیان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. بڕیارە لە رۆژانی داهاتوویشدا لە شارە جیاکانی باشووری کوردستان پیشان بدرێت.
 
فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" کاژێرێک و 40 خولەکە و تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەم ساڵدا لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پیشاندەدرێت.
 
پیشاندانە تایبەتەکەی ئەمڕۆی فیلمەکە لە چوار هۆڵی سیتی سینەمای شاری سلێمانی بوو، نزیکەی 800 کەس بینەری بوون.
 
 
پێش دەستپێکردنی پیشاندانی فیلمەکە، فەرشی شین بۆ ستافی فیلمەکە راخرا، ئەوەش وەکو هێمایەکی سوپاسگوزاری بۆ ئەو پزیشک و کارمەندانەی تەندروستی بوو کە لە سەردەمی کۆرۆنادا خزمەتیان پێشکێشی هاونیشتمانیان کرد.
 
 
هەروەک رێزێک بۆ کارمەندانی تەندروستی، نزیکەی 150 کەس لە میوانان لە کارمەندانی تەندروستی بوون و بە ئامبوڵانس چوونە بەردەم هۆڵەکانی سینەما.
 
دەرهێنەری فیلمەکە: دەمەوێت زیاتر لە قسەیەک بۆ جیهان بکەم
 
پێش دەستپێکردنی پیشاندانی فیلمەکە، تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری سلێمانییەوە رووماڵێکی تایبەتی کرد.
 
شوان عەتووف، دەرهێنەری فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و گوتی، "سوپاس بۆ رووداو کە هەمیشە لەگەڵ فیلمەکانی من و هاوڕێ سینەماکارەکانی ئێمەدا بووە."
 
 
شوان عەتووف گوتیشی، "فیلمەکە دەبێتە بەردەبازێک بۆ قۆناخێکی دیکە. بۆ من گرنگە بزانم چۆن وەردەگیرێت. دەمەوێت زیاد لە قسەیەک بۆ جیهان بکەم. قسەکانیش لە دێڕێکدا کۆدەبنەوە و ئەوەیە من لە کاتی کۆرۆنادا دەرفەتم هەبوو بچمە دەرەوە، شەوان سەگ و پشیلە و پەلەوەرم دەدی لە دەرەوە ئازاد بوون و خەڵکیش نیمچە زیندانییەک بوون."
 
دەرهێنەری فیلمەکە باسی لەوەش کرد، "مرۆڤەکان یەک هەستیان هەبوو کە ئەوە بوو (چۆن نەمرین). ئەوەی دەمبینی ئەوە بوو مرۆڤەکان ترسنۆک بوون و بە جبەخانەی چەک و پارە و هەموو دەرفەتێکەوە بەو جۆرە لە ڤایرۆسێک دەترسان. کەوایە بۆچی ئێمە باش نەبین لەگەڵ یەک؟ بۆچی ناتوانین بەزەییمان بەیەکدا بێتەوە؟ بۆچی ئەم هەموو جەنگانە هەن و بۆ ئەم هەموو رقە هەیە؟ بەڵام ئاژەڵەکان وێڕای برسیبوونیان ئازاد بوون."
 
شوان عەتووف ئەوەی خستەڕوو، لە فیلمەکەیدا ئەو چیرۆکانەی نەگێڕاوەتەوە کە کەسانێک تووشی کۆرۆنا دەبوون یان دەمردن. گوتیشی، "لە کاتی کۆرۆنادا شتی بچووک دەبیندرا و بابەتی کۆمیدی روویدەدا، ئەوانەم وەرگرتووە و کارم لەسەر کردوون."
 
ئەکتەرەکان: دەمانەوێت بزانین ئەنجامی کارەکەمان چی بووە
 
رێشان حەمۆ، یەکێک لە ئەکتەرە دیارەکانی فیلمەکەیە و بە رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆشم ئەو هەموو بینەرە لێرە ئامادەن؛ هیوادارم خەڵک بەدڵیان بێت، ئەمڕۆ خەڵک بڕیار دەدات."
 
 
رێشان حەمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، لە نزیکەی سێ مانگدا زیاتر لە 16 کیلۆگرام لە کێشی خۆی دابەزاندووە بۆئەوەی بتوانێت ئەو رۆڵەی بۆی دانراوە بە جوانی بیگێڕێت.
 
لە فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" چەند گەنجێک بە رۆڵی جیا رۆڵیان گێڕاوە و بۆ یەکەم جاریان بووە بەشداری لە فیلمی سینەماییدا بکەن. یەکێک لەوان بە رووداوی گوت، "هەستێکی خۆشم هەیە؛ بۆ یەکەمجارە ئەوە دەبینین کە کردوومانە."
 
گەنجێکی دیکە گوتی، "هەستێکی زۆر خۆشە، ئەمڕۆ دەمانەوێت بزانین ئەنجامی کارەکەمان چۆنە؛ هیوادارم بە دڵی بینەران بێت."
 
کچە ئەکتەرێکی گەنجیش گوتی، ئەوان لە فیلمەکەدا زیاتر رۆڵی ئاژەڵدۆستی دەبینن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "لەگەڵ کۆمەڵێک ئەکتەری بە ئەزموونین کە بە راستی خزمەتی سینەمایان کردووە؛ بۆیە بۆ ئێمە شانازییە."
 
تەواوکردنی فیلمەکە نزیکەی دوو ساڵی خایاندووە، تێیدا هەریەکە لە هونەرمەندانی ناسراوی کوردستان ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
 
 
فیلمەکە کۆمیدی، رۆمانسی و دراماییە. پێشتر ماهیر حەسەن لە کاتێکدا میوانی رووداو بوو بە کۆمیدیای رەش پێناسەی کرد و گوتی: "کۆمیدیایەکە پڕ مانایە و پەیامی زۆری تێدایە؛ جیایە لە کارەکانی دیکە."
 
هەمان کات ئەحمەد جۆڵا گوتی، رۆڵگێڕانی خۆی لە فیلمەکەدا بەدڵە. باسی لەوەش کرد، سینەمای کوردستان هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناوە و ئەوانیش دەیانەوێت بەرەو پێشتری ببەن.
 
 
بینەرەکان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی نمایش بوون
 
کامەران قەرەداخی، یەکێک لەو پزیشکانەی لە سەردەمی کۆرۆنادا بۆ چارەسەرکردن و هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانیان رۆڵێکی گرنگی بینی، ئەمڕۆ پێش دەستپێکردنی فیلمەکە لە سینەماکەدا بە رووداوی گوت: "دەمەوێت ناخۆشی سەردەمی کۆرۆنا ئێستا بە خۆشی ببینینم؛ دەمەوێت ئەو خۆشەویستییەی لەپێش کۆرۆنا چۆن بوو و لەکاتی کۆرۆنا لە فیلمەکەدا چۆن باسکراوە، ببینم."
 
یەکێکی دیکە لە بینەرانی فیلمەکە بە رووداوی گوت، "بە دڵ هاتووم بۆ فیلمەکە، چونکە کارەکتەری گەنج و نوێی تێدا دەبینم."
 
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" ئەکتەرە سەرەکییەکانی جگە لە ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا، بریتین لە رێشان حەمۆ، سیروان جەمال، سرووشت کامەران، شوان کەریم و ژاڵە رەسووڵ.
 
رووداوەکانی فیلمەکە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا روودەدەن، تێیدا کوڕەکانی (غورەی قەساب) دەکەونە گەرمە و کێشەی ژنهێنان و چاوەڕێی مردنی باوکیانن.
 
کۆرۆنا دێت و کەرەنتینەی گشتیی راستییە زۆر شاراوەکەی ئەم چیرۆکەیان بە شێوازێکی هونەری و کۆمیدی بۆ دەردەخات.
 
 
فیلمەکە لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمان و کۆمپانیای "سۆ پڕۆدەکشەنە"، لە 23 حوزەیرانی 2023 راگەیێندرا و لە 1ـی ئابی 2023 وێنەگرتنی دەستیپێکرد.
 
"خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا" بە کامێرەی "ئەلێکسا 35ی" کۆمپانیای "Arri" وێنە گیراوە کە نوێترین ئامێری وێنەگرتنی سینەماییە و بە کوالیتی 4.6K وێنە گیراوە.