جۆنی دێپ یەک ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە پێنج رێکخراو

رووداو دیجیتاڵ

جۆنی دێپ، ئەکتەری ئەمریکی، پێنج رێکخراوی هەڵبژاردووە بۆ بەخشینی ئەو یەک ملیۆن دۆلارەی کە لە هاوژینی پێشووی ئێمبەر هێرد وەریگرتووە، ئەمەش لە دوای رێککەوتنی ئەو دوو ئەکتەرە دێت، لە دوای بڕیاری دادگە کە هێردی ناچار کردبوو 10 ملیۆن و 35 هەزار دۆلار بە دێپ بدات.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە دێپ رایگەیاندووە، بڕی 200 هەزار دۆلار بە هەریەک لە ' Make-A-Film Foundation'، 'The Painted Turtle'، 'Red Feather'، 'Tetiaroa Society' و 'Amazonia Fund Alliance' دەبەخشێت.
 
ئێمبەر هێرد، بە تۆمەتی ناوزڕاندن، دەبوو 10 ملیۆن دۆلار بە دێپ بدات، لە بەرامبەردا دێپیش یەک ملیۆن دۆلاری پێبدات، بەڵام دوای بڕیاری دادگا، هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن بۆ ئەوەی هێرد یەک ملیۆن دۆلار بە دێپ بدات.
 
پێشتر ئێمبەر هێرد، تۆمەتی تووندووتیژی خێزانی دایە پاڵ دێپ، بەهۆیەوە ئەو ئەکتەرە لە هەموو پڕۆژە سینەماییەکان دوورخرایەوە، بەهۆیەوە سکاڵای لە دژی هاوژینی پێشووی تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، جگە لەوەی خۆی بێتاوان پێشاندا، لە هەمانکاتتدا هێردی ناچار کرا قەرەبووی بکاتەوە.
 
ئەو دوو ئەکتەرە سینەماییە لە 2009 لە فیلمی سینەمایی 'The Rum Diary' یەکدیان ناسی و لەم بەرهەمەدا رۆڵیان گێڕاوە، لە 2015 ژیانی هاوژینیان پێکهێنا و لە 2017 جیابوونەوە. 
 
جۆنی دێپ، لە 9ـی تەممووزی 1963 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر، بەرهەمهێنەر، نیگارکێش و میوزسیانە، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرەکانی جیهانە، براوەی چەندین خەڵاتە، لەوانە خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و خەڵاتی سەندیکای ئەکتەرانی شاشە، هەروەها بۆ سێ خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا بەربژێرکراوە.
 
ناوبانگی جیهانی ئەو ئەکتەرە لە رێگەی کارەکتەری کاپتن جاک سپارۆ بوو لە زنجیرە فیلمی سینەمایی 'Pirates of the Caribbean' کە لە چوار بەشیدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە و بە یەکێک لە بەرهەمە پڕداهاتەکان لە مێژووی سینەمادا دەناسرێت و بڕیارە لە بەشێکی نوێدا دووبارە هەمان رۆڵ بگێڕێتەوە.
 
ئێمبەر هێرد، لە 22ـی نیسانی 1986 لە ئەمریکا لە دایکبووە، ئەکتەر و چالاکوانە، لەرێگەی فیلمی  'Never Back Down'لە 2008،'Drive Angry'  و 'The Rum Diary' لە 2011 و 'Aquaman' لە 2018 ناوبانگی پەیداکرد.