سوودانییەکی بە رەچەڵەک کورد سروودی 'ئەی رەقیب' دەڵێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

عەبدوڵڵا کوردی، سوودانییەکی بە رەچەڵەک کوردە و لە چالاکییەکی هاوبەشی هونەریی تایبەت بە نەتەوە جیاوازەکان لە شاری ئۆترێخی هۆڵەندا؛ سروودی 'ئەی رەقیب' دەڵێت.
 
کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی کورد، بەشداربووی چالاکییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاتێک لە چالاکییەکەدا گۆرانی کوردی پێشکێشكرد، عەبدوڵڵا کوردی بە سەماکردنەوە هاتە بەرامبەری و گوتوویەتی "من کوردم".
 
گوتیشی، عەبدوڵڵا کوردی لەم چالاکییەدا، وەک شانۆکارێک بەشداربوو و نمایشێکی لەبارەی ژیانی تایبەتیی خۆیەوە پێشکێشکرد. 
 
کاروان حەمید حەلاق، لەم چالاکییەدا بەشداربوو کە لە هۆڵی 'شانۆی کیکەر' بەڕێوەچوو و ڤیدیۆیەکی لەگەڵدا شانۆکارە تۆمارکردووە کە سروودی 'ئەی رەقیب' دەڵێت و لە کۆتایی سروودەکە، یەکدی لەباوەش دەگرن.
 
کاروان حەمید حەلاق لە کەرکووک لە دایکبووە، ژەنیاری شمشاڵ و ئامێرە فودارەکانی دیکەیە و وەک گۆرانیبێژیش بەرهەمی هەیە، یەکێک لە هونەرمەندە چالاکەکانی تارواگەیە و لە فیستیڤاڵە میوزیکییە نێودەوڵەتییەکاندا، بە میوزیک و گۆرانی کوردی و جلوبەرگی کوردی بەشدار دەبێت.