هەولێر.. کۆنسێرتێک بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم بەڕێوەدەچێت

رووداو – هەولێر

بڕیار وایە سبەی کاژێر 18:00 لە شاری هەولێر، لە هۆڵێ سەعد عەبدوڵڵا کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی بۆ هونەرمەند عەدنان کەریم بەڕێوەبچێت و داهاتی کۆنسێرتەکەش بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە بەنەخۆشی شێرپەنجە دەناڵێنن.

ئەم کۆنسێرتە لە لایەن رێکخراوی هۆرایزن ریلیف ئەنجامدەدرێت و گرووپی میوزیکی کۆڵن-ی ئەڵمانی میوزیکی گۆرانییەکان دەژەنن، ئەم کۆنسێرتەی هەولێریش لە درێژەی زنجیرە کۆنسێرتێکی هونەرمەند عەدنان کەریمە کە لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات و دواین کۆنسێرتیش رۆژی دووشەممە لە شاری سلێمانی دەبێت.

 

محەمەد تاهیر، بەرپرسی پڕۆژەکان لە رێکخراوی هۆرایزن ریلیف بە تۆڕی میدیایی (رووداو)ی راگەیاند، کە تەواوی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنسێرتەکە ئەنجامدراون و تا ئێستاش لە ماوەی 24 کاژێردا سەدان بلیت فرۆشراون، بلیت لە Book Cafe لە دریم سیتی و قاوەخانەی مەچکۆ لە قەڵای هەولێر دەستدەکەوێت".