بڵند فێڵ ناكات

رووداو – هەولێر 

هونەرمەند بڵند ئیبراهیم بۆ ئاهەنگی نەورۆز دەچێتە ئەوروپا و چەند كۆنسێرتێك دەكات و دەڵێت "من فێڵ لە خۆم ناكەم، داهاتی كۆنسێرتەكان دەبەخشم".


بڵند ئیبراهیم بە (رووداو)ی گوت "لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا چەند كۆنسێرتێك لە ئەڵمانیا، سویسرا و دانیمارك ساز دەكەم و لەوێشەوە هەوڵی ئەوە دەدەم زۆرترین داهات كۆبكەینەوە".

سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندنی داهاتی كۆنسێرتەكان بە ئاوارەكان، بڵند گوتی "من لە نەورۆزدا 3 كۆنسێرت ساز دەكەم، داهاتی ئەم كۆنسێرتانە دەدرێت بە سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان لقی دهۆك و لەرێگای ئەوانەوە داهاتەكان دەگەیەنرێت بە ئاوارەكانی كوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی شەهید هوجام".

سەبارەت بە بەرهەمی تازەش، بڵند گوتی "سەرقاڵی تۆماركردنی ئەلبوومێكم كە رەنگە لە 13 تراك پێكبێت و 4 تراكیان بە شێوەزاری سۆرانی دەبێت، هەروەها خەریكی تۆماركردنی گۆرانییەكیشم بۆ پێشمەرگە".