مەدیا ئورەن: کۆمەڵگەی کوردی فرەڕەنگە و لە تابلۆکانمدا رەنگیداوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
'زەریا' ناوی یەکەم پێشانگەی تایبەتیی، شێوەکار مەدیا ئورەنە، ئەو خەڵکی شڕنەخی باکووری کوردستانە، بەڵام پێشانگەکەی لە هەولێر کردەوە و دەڵێت، کردنەوەی پێشانگە لە هەولێر، وەک هیچ شوێنێکی دیکە نییە.
مەدیا ئورەن، لە پاڵ کاری هونەریی، پرۆدیوسەری هەواڵە لە رووداو و خوێندکاری زانکۆیە و لە بەشی شێوەکاریی کۆلیژی هونەرە جوانەکان دەخوێنێت.
لە یەکەم پێشانگەی تایبەتیدا، 21 تابلۆی پڕ رەنگی خستەڕوو، ژن مژاری سەرەکی بوو تێیدا، جگە لە پێشاندانی کولتووری کورد، نەورۆز و شارە کوردییەکان، لەوانەش ئامەد و هەولێر.
مەیدیا ئورەن لەبارەی بەهرەی وێنەکێشانی دەڵێت، بۆ سەردەمی منداڵی دەگەڕێتەوە، ئەویش بەهۆی کاریگەریی باوکی بوو بەو هونەرە، هەروەها پووری بەرگدروو بوو، دایکیشی کاری نەخشاندنی دەکرد، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر ئەو هەبووە. گوتیشی، لە تابلۆکانیدا رەنگدانەوەی ئەو سەردەمە بەدی دەکرێت.
لە هەموو تابلۆکانیدا ژن و سرووشت بە دی دەکرێت، شێوەکار لەمبارەیەوە دەڵێت، مرۆڤ سرووشت تێک دەدات و ژن دەچەوسێندرێتەوە، بەڵام ئەو نایەوێت ئەو دیمەنە رەشە بخاتەڕوو، بەڵکو لە بری ئەوە دیمەنێکی جوانتر دەخاتەڕوو.
گوتیشی، کاتێک سەیری تابلۆی هونەرمەندانی کورد دەکەیت، خەمگینی دەبینیت، سەرەتا خۆیشی وابووە، بەڵام ئێستا تابلۆکانی زیاتر رەنگاورەنگن و کۆمەڵگەی کوردی فرەڕەنگە و لە تابلۆکانیدا رەنگیداوەتەوە.
سەرەتا بیرۆکەی ئەوەی نەبوو لە هەولێر پێشانگە بکاتەوە، بەڵام کاتێک ئەو بیرۆکەیەی بۆ دروستبووە، دەڵێت، هەستێکی زۆر تایبەت بوو و بڕیاریدا بە شێوەیەکی زۆر گەورە خۆی ئامادە بکات، چونکە هەولێر وەک شوێنی دیکە نییە، لە هەر شوێنێکی دیکە پێشانگە بکاتەوە، ئەو واتایە نادات.
بەدەم کێشانی تابلۆیەکەوە، مەدیا ئورەن باسی ئەوەی کرد، لە تابلۆکانیدا بۆیاخی زەیتی بەکاردێنێت و رەنگی دڵخوازی زەردە، چونکە ئەو رەنگە مرۆڤ ئارام دەکاتەوە.
گوتیشی، کاتێک منداڵ بووە، رەنگەکانی تێکەڵ بە یەکدی کردووە، بۆ ئەوەی ئەنجامی ئەو تێکەڵکردنە ببینێت. بیرۆکەی تابلۆکانی لە خوێندنەوە و کارەکەی کە رۆژنامەڤانییە؛ سوود وەردەگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، پێشتر تابلۆکانی کێشاوە و بەهۆی ئەو داهاتەوە، کەرستەی پێویستی وێنەکێشانی کڕیوە و دەیەوێت هونەرەکەی ببێتە سەرچاوی داهات بۆی.
یەکەم پێشانگەی مەدیا ئورەن، لە 11ـی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و گەلەری سێڤ لە گەلەری فرێمینگ لە هەولیر کرایەوە و یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
پێشانگەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هێلان" کرایەوە کە نزیکەی چوار ساڵە بەردەوامە و گرنگی بە بواری هونەری و کولتووری دەدات.